داعش هێرشی فراوانی كرد و ژمارەیەكی زۆر لە سوپا و حەشدی كوشت

:: AM:09:38:16/05/2020 ‌
شەوی ڕابردوو چەكدارانی داعش لە چەند شوێنێكی عێراقدا، هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، بەهۆیەوە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئایار، دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوی كردووەتەوە، شەوی ڕابردوو هێزەكانی حەشد هێرشێكی چەكدارانی داعشیان تێكشكاندووە.

چوار چەكداری لیوای 23 كوژراون و شەشی تریش بریندار بوونە 
ڕوون كراوەتەوە، لەو هێرشەدا چوار چەكداری لیوای 23 كوژراون و شەشی تریش بریندار بوونە.

خانەی ڕاگەیاندنی جەنگی بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعشەوە بۆ سەر بازگەی شێخ ئیبراهیم لە شارۆكەی دوجەیلی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین، كارمەندێكی پۆلیس كوژراوە و یەكێكی تریش بریندار بووە.

هێرشەكانی داعش لە ناوەڕاستی عێراق زیادی كردووە، بەجۆرێك هەموو شەوێك هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی عێراق، لە سنوورەكانی دیالە و مووسڵیش بەشێك لە گوندەكانیان گرتووە و گەنمی جووتیارانیش دەسووتێنن.




وشە - رامیار جەواد