زۆربەی ئەمەریكییەكان پێیان وایە كۆرۆنا پەیامێكە لە لایەن خوداوە

:: AM:10:34:16/05/2020 ‌

دەرەنجامی راپرسییەك دەری خستووە، سەرووی 65%ی باوەڕدارانی ئەمەریكا پێیان وایە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا لە دنیادا پەیامێكە لە لایەن خوداوە كە دەیەوێت بڵێ پێویستە گۆڕانكاری بەسەر ئەم جۆرە ژیانەدا بهێنرێت.

ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستە سەرووی 87 هەزار ئەمەریكی كوشتووە و كێشەی ئابووری و دارایی بۆ ملیۆنان كەس هێناوەتە كایەوە، زیانێكی زۆری لە ئەمەریكا بە تایبەتی و وڵاتان بە گشتی داوە. 

راپرسییەكە لە لایەن زانكۆی شیكاگۆ بە هاوكاری ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس ئەنجام دراوە و دەركەوتووە، لە ئەمەریكا رەشپێشتەكان زیاتر لە نەژاد و نەتەوەكانی تر پێیان وایە كۆرۆنا پەیامێكە لە خوداوە كە دەیەوێ بڵێ، ئەم نەخۆشییە رەنگ و نەژاد و دەوڵەمەند و هەژار و رەگەزەكان ناناسێت و پێویستە ژیان گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

26٪ی بەشداربووانیش گوتوویانە بەهۆی كۆرۆنا باوەڕیان جێگیرتر بووە
لەو راپرسییەدا دەركەوتووە 82%ی ئەمەریكییەكان گوتوویانە باوەڕیان بە خودا هەیە و 26٪ی بەشداربووانیش گوتوویانە بەهۆی كۆرۆنا باوەڕیان جێگیرتر بووە و تەنیا 1% لە بەشداربووانی راپرسییەكە باسیان لەوە كردووە باوەڕیان سستر بووە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، كاترین لۆفتۆن مامۆستای توێژینەوە ئاینییەكانی زانكۆی یەل دەڵێت، زۆربەی ئەو ئەمەریكییانەی كۆرۆنا بە پەیامێك لە لایەن خوداوە هەژمار دەكەن، پێیان وایە هەر دەبێ گۆڕانكاری بەسەر ژیانی خۆیاندا بهێنن، ئەگەرنا ئەو كارەساتە درێژەی دەبێت و زیانی زیاتریان پێ دەگەیەنێت.

ئەمەریكا لەو وڵاتانەیە زۆرترین قوربانیی داوە و نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار كەس تووشی نەخۆشییەكە بوون، سەرووی 87   هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.



وشە - سلێمان تاشان