كازمی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی حەشدی شەعبی دەدات

:: PM:06:15:16/05/2020 ‌

 


مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندوەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، سەردانی بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی كرد، لە سایەی بوونی ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان گرووپەكانی، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە مەرجەعیەتی سیستانی و ئەوانەیشی سەر بە ئێرانن. 

لە ماوەی رابردوودا دوای كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرۆك ئەركانی حەشدی شەعبی و جێگری سەرپەرشتیاری هێزەكە، پرسی شوێنگرتنەوەی بووە پرسێكی دیار، لە كاتی بوونی حكوومەتی عێراق بە وەكاڵەت بە نووسراوێك كەسێك بەناو (ئەبو فەدەك)، بۆ پۆستەكە دیاری كرا، ئەوەیش ناڕەزایی لای گرووپەكانی سەر بە سیستانی لێ كەوتەوە و چوونەدەرەوەیان لە ریزەكانی حەشد و پێوەندیكردنیان بە هێزەكانی عێراق راگەیاند.
كازمی هاوسەنگی لەنێوان لایەنگرانی و سیستانی و خامنەیی دروست دەكاتەوە
ئێستە دوای ئەوەی كازمی بووەتە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، دەستی كردووە بە ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك، بەتایبەتی لە سلكی تەناهی و سەربازیدا، ئەمڕۆ كازمی سەردانی بارەگلی دەستەی حەشدی شەعبی كرد و وێنەكان پێشانیان دا كە كازمی بە پۆشاكی حەشدی شەعبییەوە لەگەڵ فاڵح فەیاز سەرپەرشتیار و فەرماندەی گرووپەكانی حەشد نزیك لە ئێران و نوێنەری چوار گرووپەكەی سەر بە سیستانی، كۆبووەوە. 

وەك لە وێنەكان دیارە كە نوێنەری گرووپەكانی ئیمام عەی و عەباس و عەلی ئەكبەر و ئەنسار مەرجەعییەی سەر بە سیستانی لە بەری چەپی كازمی دانیشتوون و لە بەرەكەی تریش نوێنەرانی گرووپەكانی سەر بە ئێران.

هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی پێشبینی كرد كە رەنگە ئەو سەردانەی كازمی ببێتە هۆی چارەسەربوونی ناكۆكییەكانی ناوخۆیی و دووبارە دابەشكردنەوەی پۆستەكانی دەستەكە لە نێوان گرووپەكانی حەشدی شەعبییەوە.

لای خۆیەوە تاریق حەرب، شارەزای یاسایی عێراق دووپاتی كردەوە، مستەفا كازمی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بەپێی مادەی 78ی دەستووری عێراق و یاسای ژمارە 40ی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2016، دەسەڵاتی دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێی بۆ حەشدی شەعبی و كۆتاهێنان بە ناكۆكییەكان هەیە.  



 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل