جەمال كۆچەر: بەغدا ناچارە لەگەڵ هەرێم رێكبەكەوێت و پێویستە هەرێمیش نەرمی بنوێنێت

:: PM:10:38:16/05/2020 ‌

گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن سەبارەت بە پرسەكانی مووچەی فەرمانبەران و شێوازی هەناردنی نەوتی هەرێم لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنانەی پێشتر هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی پێی گەیشتبوون، بەردەوامە، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە لێكگەیشتنی باش هەیە و دوو لیژنە پێكهێنراون بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتەكان.
ئەگەر بەغدا رێكنەكەوێت مانای وایە ریفراندۆمی هەرێم لە جێگەی خۆی بووە
كۆچەر ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، زانیاری تەواو لای شاندی هەرێمە كە سەردانی بەغدا دەكات، مستەفا كازمی پێش ئەوەی ببێتە سەرۆك وەزیران، چاومان پێی كەوت و گوتی، جارێ پۆستەكەم وەرنەگرتووە، بەڵام دووپاتی دەكەمەوە كە دژی كورد نیم و بەپێچەوانەوە دۆستێكی نزیكیانم، بۆیە خاڵی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە.

لەبارەی سیناریۆكان بۆ داهاتوو گفتوگۆكانەوە زیاتر گوتی، كورد هەڵوێستێكی بەهێزی نییە و ناوماڵی كورد پەرتەوازەیە، كە نێوانی یەكێتی و پارتی باش نییە، لەلایەكی تر باسی لامەركەزیەت دەكرێت، بۆیە هەڵوێستی كورد لاوازە و لەوانەیە بەغدا مەرجی توندتر بسەپێنێت.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە دووپاتی كردەوە، هاوكات بەغدایش ناچارە لەگەڵ هەرێم رێكبەكەوێت، چونكە ئەگەر رێكنەكەوێت، مانای وایە ئەو ریفراندۆمەی هەرێم كردوویەتی لە جێگەی خۆی بووە، چونكە ئەگەر بە رێككەوتن نەبێت، یان بەجەنگ دەبێت یان بە جیابوونەوە، بۆیە باوەڕم وایە بەغدایش ناتوانێت هەروا توندبێت، هاوكات هەرێم دەبێت نەرمی زیاتر بنوێنێت، ئەوەیە ئەڵقەی بەیەكگەیشتنیان، دەبێت بەغدا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، پێویستە هەرێمیش نەرمی بنوێنێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل