توركیا ئۆپراسیۆنێكى ترى له‌ دژى په‌كه‌كه‌ ده‌ست پێ كرد

:: AM:09:32:17/06/2020 ‌
وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا راى گه‌یاند، ئۆپراسیۆنێكى سه‌ربازى به‌ ناوى "چڕنوكى پڵنگ" بۆ سه‌ر پێگه‌كانى په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ست پێ كردووه‌.
 
به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 17ى حوزه‌یران وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا راى گه‌یاند، هێرشێكى سه‌ربازى كردووه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌ى هه‌فته‌نین له‌ ناو سنوورى هه‌رێمى كوردستان.

دووه‌م هێرشى توركیایه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا

راگه‌یه‌نراوه‌كانى وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا له‌ لایه‌ن ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئه‌وه‌یش ئاشكرا كراوه‌، توركیا هێزى كۆماندۆى تایبه‌تى ره‌وانه‌ى ناوچه‌كه‌ كردووه‌.

 رۆژى دووشه‌مى رابردوو توركیا هێرشێكى ئاسمانى كرده‌ سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كى په‌كه‌كه‌ له‌ ناو سنوورى هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌مجاره‌یش وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ مه‌به‌ستى له‌م ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ پێگه‌كانى په‌كه‌كه‌یه‌.

چه‌ندان جار به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان داوایان له‌ پارتى كرێكارانى كوردستان كردووه‌، ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نه‌كه‌نه‌ پێگه‌یه‌ك بۆ لێدانى توركیا و داواشیان كردووه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان بكشێته‌وه‌.

 له‌ ماوه‌ى 30 ساڵى رابردوو به‌هۆى په‌كه‌كه‌وه‌ ده‌یان جار توركیا له‌شكركێشى كردووه‌ بۆ ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌وامیش بۆردمانى ناوچه‌ سنوورییه‌كانى كردووه‌.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل