ئەمەریكا خوازیارە راستەوخۆ لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بكات

:: AM:10:22:17/06/2020 ‌
برایان هۆك نوێنەری تایبەتیی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی حەز دەكات راستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بكەوێتە دانوستان و هەموو ئەو كێشە و پرسانەی لە 41 ساڵی رابردوودا بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، یەكلا بكاتەوە.

ئێران و ئەمەریكا لە ئاڵوگۆڕكردنی زگیراوە سیاسییەكانیان چەند جارێك لەگەڵ یەكتر رێككەوتنیان كردووە، ئەو نوێنەرەی ئەمەریكاش پێی وایە دەكرێ ئەم دانوستاندنانە تەنیا بۆ بواری ئاڵوگۆڕكردنی گیراوان نەبێ و دەكرێ بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی تریش بكەونە گفتوگۆوە.

هۆك نیگەرانە لە هەموو چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكە و پێی وایە دەبێ ئێران واز لە كردارە تیرۆریستییەكانی خۆی بهێنێت و ناكرێ لە پاڵپشتیكردنی گرووپ و میلیشیاكان لە عێراق، لبنان و یەمەن بەردەوام بێت.

هاوكات داوای لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە سزاكانی چەك لە دژی ئێران كە لە مانگی تشرینی یەكەم تەواو دەبێ، دووبارە درێژ بكرێتەوە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە ئەو نوێنەرەی ئەمەریكا ئاماژەی داوە، دۆناڵد ترەمپ حەز دەكات راستەوخۆ  لەگەڵ ئێران بكەوێتە گفتوگۆوە و سەرجەم دەرگاكانی دانوستاندن لە یەكتر بكەنەوە.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هێشتا ئەم داخوازییەی رەت نەكردووەتەوە

بەرپرسانی ئێران هەڵوێستی جیاوازیان هەبووە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هێشتا ئەم داخوازییەی رەت نەكردووەتەوە، بەڵام عەلی شەمعخانی سكرتێری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رەتی كردووەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان