راپۆرتێكی ئەڵمانی: ئێران كار لەسەر پەرەپێدانی چەكی كۆمەڵكوژ دەكات

:: PM:03:39:17/06/2020 ‌

لەوكاتەی گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمییەكەی زیاتر دەبێت، راپۆرتێكی هەواڵگری ئەڵمانی ئاشكرای دەكات كە ئێران لە هەوڵەكانی بۆ پەرەپێدانی چەكی كۆمەڵكوژ بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەیش خۆی لە سزاكان دەدزرێتەوە.

راپۆرتەكە كە لە 181 لاپەڕە پێكهاتووە و "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، تیایدا هاتووە كە ئێران و كۆریای باكور و پاكستان و سووریا، تا ئێستە لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ دەستخستنی مەترسیدارترین چەكی وێرانكەر لە دنیا، بەپێی ئەو راپۆرتە ئەو چوار دەوڵەتە هەوڵی پڕكردنی كۆگەی چەكیان و نوێكردنەوەی چەكەكانیان دەدەن، ئەوان لە رێگەی مامەڵەی نایاسایی هەوڵی كڕینی بەرهەمی پێویست لە ئەڵمانیا دەدەن.
چوار وڵات هەوڵی دەستخستنی چەكی پێشكەوتوو دەدەن
ئاژانسی هەواڵگری ئەڵمانیا ئاماژە دەكات كە ئەوان هەوڵی بڵاوكردنەوەی زیاتری چەكی كۆمەڵكوژی وەك ئەتۆمی و بایۆلۆجی و كیمیایی و تەكنۆلۆجیای پێویست بۆ بەرهەمهێنانیان دەدەن، ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە لە كۆتایی 2019 حەسەن رووحانی، سەرۆكی ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی بۆ لەمەودوا پابەندی بەشێك لە رێككەوتنەكان نابێت، وەك ئاماژەیەك بۆ پابەندی بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە. 

وەك "فۆكس نیوز"، ئاماژە دەكات، تۆڕەكانی ئێران لە ناوچەی بادن فۆرتمبێرگ لە ئەڵمانیا چالاكن، چونكە چەندان كۆمپانیای ئەندازیاری پێشكەوتووی تیایدایە، لەوكاتەی راپۆرتەكە ئاماژە بۆ هەوڵی كڕینی نایاسایی لەو ناوچەیە لە 2019 دەكات، بەڵام ئاماژەی بۆ ناوی كۆمپانیاكان نەكردووە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل