"بەغدا و واشنتن بەنهێنی لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا رێك كەوتوون"

:: PM:04:30:17/06/2020 ‌

11ی ئەم مانگە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریكا بەڕێوە چوو، گرنگترین ئەو باسەی هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران دەیانویست لەو گفتوگۆیە باس بكرێت، دیاریكردنی خشتەیەكی كاتییە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، كە ئەمەریكا ئەو بابەتەی بە سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر داعش بەستەوە، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە هەردوولا بە نهێنی ئەو باسەیان تاوتوێ كردووە.
هێزەكانی ئەمەریكا بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لە عێراق نامێننەوە
موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری "فەتح"، ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، پێنجشەمی رابردوو لە میانەی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن، رێككەوتنێكی نهێنی سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كراوە، بە پێی زانیارییەكان هێزەكانی ئەمەریكا بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لە عێراق نامێننەوە، لە گفتوگۆیەكەیش باسی ئەو بابەتە كراوە.

روونی كردەوە، هەردوولا وا رێككەوتوون كە بەنهێنی و رانەگەنراو خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دابنرێت، بەپێی زانیارییەكانیش پاشەكشەكردنەكە پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەست پێ دەكات.

لای خۆیەوە ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی هاوپەیمانی "فەتح"، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، هاوپەیمانیەتەكەمان گوێڕایەڵی بڕیاری مەرجەعیەت دەبێت، ئەگەر پێی باش بوو جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا دوا بخرێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل