دوای ئەوەی شەوی یەكشەمی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 81 ئامانجیان لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆردمان كرد، عێراق تەنیا بانگهێشی باڵوێزی توركیای كرد و سەركۆنەی بۆردمانەكانی كرد، شارەزایەكی سیاسی عێراق هۆكارەكان روون دەكاتەوە و ئاماژە دەكات كە دەبوایە هەڵوێستی عێراق لەوە بەهێزتر بێت.
دەسەڵات لە عێراق بە میزاجی حزبییەوە بەڕێوە دەچێت
ئەحمەد خزر، شارەزای سیاسی لەبارەی بۆردمانەكانی توركیا بە "وشە"ی راگەیاند، بەداخەوە دەسەڵات لە عێراق لە 2003ەوە، بە میزاجی حزبییەوە بەڕێوە دەچێت، نەوەك دەوڵەتی دامەزراوەیی، بۆیە دەبینین هەڵوێستی جیاواز بەرانبەر وڵاتان هەیە، بەپێی میزاجی سیاسی و لاگیری، بۆ نموونە سەروەریی عێراق لە بەرانبەر ئەمەریكا هیڵی سوورە، كەچی چاوپۆشی لە ئێران و توركیا دەكرێت، ئەوەیش سیاسەتی دەوڵەت و دامەزراوە نییە، بەقەدەر ئەوەی سیاسەتی میزاجی حزبییە.
زیاتر گوتی، ئەو بۆردمانانەی دوایی توركیا بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، پێشێلكارییەكی زەقی سەروەریی عێراقە و دەستدرێژییە بۆ سەر بەشێكی گرنگ و رەسەن و هاوبەشی وڵاتە، كە وەك رۆشنبیر و نیشتمانپەروەران بەتەواوەتی رەتی دەكەینەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە رێوشوێنەكانی حكوومەتی عێراقی ناكامە و بێئومێدی پێوە دیارە، بەرانبەر ئەو پێشێلكارییە دووبارەبووانە بۆ سەر گەلی كورد.
ئەو شارەزایە ئاماژەی كرد، داوا لە لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان دەكەین، كە پرسیار لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا بكەن، چونكە بانگەشەی باڵوێزی توركیا لە بەغدا بەس نییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەقەدەر وەرگرتنی رێوشوێنی تر، وەك بەنێودەوڵەتیكردنی بابەتەكە و سكاڵاكردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش، كە رەنگە ببێتە وەڵامدانەوەیەكی گونجاو.
خزر دووپاتی كردەوە، ئەو پێشێلكارییانە بەرجەستەی بۆچوونێكی خۆبەزلزانی و خەوبینین بە دەسەڵاتی رابردوو لە ناوچەكە و بنیاتنانی ئیمپراتۆریەتی خەیاڵی لەسەر حسێبی نەهامەتی گەلان و داگیركردنی خاكی وڵاتان دەكات، بۆیە ئەو سیاسەتەی لە عێراق هەیە هی دەوڵەت نییە، واتە كاردانەوەی عێراق، كە تا ئێستە نەگەیشتووەتە ئاستی كاردانەوەیەكی سەربەسەری وڵاتان.