بۆڕی سەرەکی ئاوی سەرچنار_سلێمانی لە پرۆژەی ئاوی سەرچنار تەقی و بەهۆیەوە ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ چووە و پێدەچێت بۆ ماوەی چەند رۆژێک ئاوی خواردنەوەی ئەو ماڵانە ببڕێت کە لەسەر ئەو پرۆژەیەن.
ئاوی خواردنەوەی زیاتر لە 10 هەزار ماڵی لەسەرە
ئەمڕۆ یەکشەم پێنجی تەمووز، ئامانج جەلال بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو بۆڕییەی تەقیوە، دەکەوێتە ناو پرۆژەی ئاوی سەرچنار و لە کاتی تەقینی ئاوێکی زۆر رۆیشتووە.
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی روونی دەکاتەوە، لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی ئەوەن کێشەی ئاو رۆیشتنەکە چارەسەر بکەن و ئاوەکە گیراوەتەوە.
ئەو بۆڕییەی تەقیوە، بۆڕی گەورەی پرۆژەی دوکان سلێمانییە و لە کاتی تەقینەکەی بە بەرزی 100 مەتر و بە شێوەیەکی چڕ ئاو بە ناوچەکە بڵاوبووەتەوە و زیان بەر کەلوپەل و ئامێری ناو پرۆژەکە کەوتووە و بەهۆیەوە تەڕبوون و شەقامەکانی نزیک پرۆژەکەش ئاوێکی زۆری لەسەر کۆبووتەوە و زیان بە دارەکان و سەوزایی سەر شەقامەکە گەیشتووە.
بۆڕی ئاوی خواردنەوەی سەرچنا_سلێمانی، ساڵانە چەندین جار توشی خراپبوون دەبێت و پێویستیان بە چاکسازی دەبێت، سەرەڕای ئەوەی لە کاتی وەرزی گەرما بە ڕێژەیەکی زۆر ئاو لە پرۆژەکە کەم دەبێتەوە و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی زیاتر لە 10 هەزار ماڵ دەبێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی