بایكۆتی كارمەندانی هاتوچۆ سەرپێچی لە شەقامەكانی سلێمانی زیاد كردووە

:: PM:10:14:05/07/2020 ‌

بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لە شەقامەكانی سلێمانی بەهۆی نەبوونی كارمەندانی هاتوچۆوە، سەرپێچی زیادی كردووە، ئاماژە دەكات، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كارمەندان بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
بەڵێنیان داوە بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان
فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەم 5ی تەمووز، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی زیاتر لە دوو هەفتەیە بایكۆتی دەوامیان كردووە و شەقامەكانی ناو شاریان چۆڵ كردووە، ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی كە بێسەرەوبەری و سەرپێچی هاتوچۆ زیاد بكات.

زیاتر گوتی، سەرپێچییەكان زۆرن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەموو كارمەندان بایكۆتیان كردووە، ناتوانین هیچ ئامارێكمان دەست بكەوێت.

 بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی، تا ئێستە هیچ كارمەندێكیان بەهۆی جێهێشتنی شەقامەكانەوە سزا نەداوە و دووپاتی كردەوە، بەڵێنیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل