"سه‌رۆك بارزانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خاوەن پێگەیه‌كی بەهێزە"

:: AM:09:24:11/09/2020 ‌
مامۆستای زانکۆ و چاودێران باس لەوە دەکەن کە سه‌رۆك بارزانی ئێسته‌ وەک مەرجەعی کوردە و پێگەی گرنگ و بەهێزی هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و نێودەوڵەتیش، دەڵێن سەرکردە و کەسایەتییەکانی دەرەوە لە پرسە گرنگەکاندا ڕاوێژ لەگەڵ سه‌رۆك بارزانی دەکەن.

سەرکردە و کەسایەتییەکانی دەرەوە لە پرسە گرنگەکاندا ڕاوێژ لەگەڵ سه‌رۆك بارزانی دەکەن
نەزاکەت سەعید، مامۆستای زانکۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕاستیدا سه‌رۆك بارزانى سەرکردەیەکی کوردە و ڕۆڵ و کاریگەری نەک هەر لە باشووری کوردستان بەڵکو لە پارچەکانی تری کوردستانیشدا حسابی سەرکردەی بۆ دەکرێت، ئێسته‌ یەکێکە لە سەرکردە بە تەمەنەکانی هەرێمی کوردستان کە کاریگەره‌ و لە ژیاندا ماوەتەوە.

زیاتر گوتی، سەردانیکردنی سەرۆکی وڵاتان و  گەورە بەرپرسانی دەرەوە و ناوخۆ بۆ لای سه‌رۆك بارزانى بەهۆی ئەو پێگەیەیەتی کە لە هەرێمی کوردستان هەیەتی و لە ڕابردوو کە سەرۆكی هەرێم بووە، ئەوە دەگەیەنێت کە ڕاستە پۆستی فەرمی لە حکوومەت و هەرێم نییە بەڵام کاریگەر و گرنگە.

ڕوونى كرده‌وه‌، نیشاندەری ئەوەیە کە خاوەنی پێگە و کەسایەتی خۆیەتی، کەسایەتییەکە کە حسابی بۆ دەکرێت و بەهەند وەردەگیرێت، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆ و تەنانەت  نێودەوڵەتیش پێگەی گرنگ و تایبەتی هەیە.

لای خۆیەوە ئیمداد عەبدوڵا، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە دنیادا وایە کاتێک سەرکردەیەکی کاریزمی دروست دەبێت، دوای ئەوەی پۆستە فەرمییەکەی نامێنێت و دەبێتە کەسایەتییەکی دیار و لە پرس و بابەتە گرنگەکاندا دەبێت جێگەی پرس و ڕاویژ وەک کەسایەتی، ئەگەر خاوەن پێگەی سیاسی نیودەوڵەتی بێت زیاتر جێگەی پرس و ڕاوێژ دەبێت وەک ئێسته‌ی سه‌رۆك بارزانى.

ئاشكراى كرد، هەر وڵاتێک بگری  کەسایەتییەک هەیە کە وەک مەرجەعی ئەو وڵاتە وایە و پرس و ڕاوێژی پێدەکرێت لەسەر ئاستی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا هەروایە، لە کوردستانیش سه‌رۆك بارزانی وەک مەرجەعێکە، لەلایەکی تریشەوە خاوەن حزبێکە لە کوردستان زۆرینە و لە عێراقیش یەکێکە لە زۆرینەکان.

ئاماژه‌ى دا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆی عێراقیش سه‌رۆك بارزانی وەک مەرجەعیەت لێی دەڕوانرێت، هەرچی وەفدی ناوخۆی عێراق بێتە هەرێم لەگەڵ سه‌رۆك بارزانی کۆدەبێتە و پرس و ڕاوێژیان دەبێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەورە بەرپرسەکان و وەزیرەکان کە دێنە هەرێم سەرەتا لەگەڵ سه‌رۆك بارزانی کۆدەبنەوە کە ئەمە خۆی بۆ خۆی بونی پێگەی بەهێزە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ مستەفا کازمی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا سەردانی هەولێری کرد، لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دهۆک کۆ بووه‌وه‌، یەکەم کۆبوونەوەیشی دوای گەیشتنی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ڕێک خست.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران