سەرۆك بارزانی په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌

:: AM:10:23:11/09/2020 ‌
سه‌رۆك بارزانى مه‌رجه‌عى باڵاى كوردى به‌ بۆنه‌ی 59 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانى شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانیدا هاتووه‌، "لەو یادە پیرۆزەدا دووپات لەوە دەكەینەوە كە بەها و هێز و تینی شۆڕشی ئەیلوول هیچ كات لە یاد ناكەین و چرای ڕێی خەباتی گەلەكەمان دەمێنێتەوە".

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "پەنجا و نۆ ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەكداری و كۆمەڵایەتی گەلی كوردستان لە عێراقدا لە پێناو بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەڵگیرسا. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شۆڕشێكی سەرتاسەریی هەموو ناوچە جیاجاكانی كوردستان و گشت چین و توێژەكان و تێكڕای پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوو. هەرچی دەستكەوت و خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان لەو كاتەوە هەتا ئێسته‌ هەیە هەمووی بەرئەنجام و درێژكراوەی هێز و بەرفراوانیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە."

ئاماژه‌ دراوه‌، "شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەیەكیش بوو بۆ پێگەیاندنی خەباتگێڕ و تێكۆشەرانی سەرتاسەری كوردستان. ئەو شۆڕشە ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ گەلی كوردستان گەڕاندەوە و بۆ نەیارانی گەلی كوردستانیش سەلمێندرا كە ناتوانن لەڕێی پەراوێزخستن و زۆرداری و ستەمكارییەوە وا لە خەڵكی كوردستان بكەن دەستبەرداری مافەكانیان بن. شۆڕشی ئەیلوول بۆیە لە مێژووی خەباتی گەلەكەماندا پڕ بایەخە چونكە لە یەك ناوچەدا كورت نەكرایەوە و ڕێكخستن و بیروبڕوا و پێشمەرگەبوونی لە ناخی خەباتگێڕ و تێكۆشەرانی كوردستان ئاوێتەی یەكتر كرد."

ڕاى گه‌یاندووه‌، "لەو یادە پیرۆزەدا دووپات لەوە دەكەینەوە كە بەها و هێز و تینی شۆڕشی ئەیلوول هیچ كات لە یاد ناكەین و چرای ڕێی خەباتی گەلەكەمان دەمێنێتەوە. پێزانینم هەیە بۆ خەبات و ماندوویەتی هەموو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە و كادیرانی شۆڕشی ئەیلوول چ ئافرەت و چ پیاو، كە قارەمانانە ڕۆڵیان هەبووە لەم شۆڕشە مەزنەدا. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی ڕێی ئازادی."


وشە - محەمەد میران