پەرلەمان بەدواداچوون بۆ کوشتنی دوو كچه‌كه‌ى چەمچەماڵ دەكات

:: PM:05:12:11/09/2020 ‌
لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاندووه‌، بەدواداچوونی ڕژد بۆ ڕووداوی کوشتنی دوو خوشکەکەی سنووری شارۆكه‌ى چەمچەماڵ دەکەین.

ئەمڕۆ هەینی 11ى ئه‌یلوول، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان بڵاوی کردەوە ھەواڵی کوشتنی دوو خوشکەکەی سنووری شارۆكه‌ی چەمچەماڵ وەک ھەموو کوشتنەکانی تری بە ناھەق و بەناوی شەڕەف، ڕایچڵەکاندوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت تێیدا هاتووه‌، بەھۆی ئەوەی ئەو دوو خوشکە لەدەست توندوتیژی و خراپ مامەڵەکردنی باوکیان ھانایان بۆ دەزگاکانی حکوومی پێوەندیدار و پەناپێگرتنیان بردووە و لە خانەی داڵدەدانی ئافرەتان داڵدە درابوون تا بەدووربن لەھەر ھەڕەشەیەک لەسەر ژیانیان، بۆیە وەک لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت بەدواداچوونی ڕژد بۆ ئەو ڕێکارانە دەکەن کە گیراونەتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خوشکانە بۆ ناو خانەوادەکەیان و گەیشتنیان بەو کارەساتە دڵتەزێنە.

زیاتر هاتووه‌، "لە ھەموو ھەنگاوەکانی ئەم دۆسیەیە چاودێر دەبین و بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی دادپەروەری بێتەدی و تاوانباری ئەو تاوانە گەورەیە بەسزای توند و دادوەرانە بگات."

ماوەی چەند ڕۆژێكە پۆلیسی چەمچەماڵ سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە كوژرانی دوو كچ لەلایەن باوكیانەوە. باوکی ئەو کچانە کە پیشەی كاسبە و بە نه‌ته‌وه‌ كوردە تا ئێستە دیار نییە، بەڵام كەسێكی نزیكی ئەو دوو كچە باسی لەوە كردووە باوكیان تاوانەكەی ئەنجام داوە، دایكی دوو كچەكە پێشتر شووی كردووەتەوە، کچەکان لەگەڵ باوكیان ژیاون.


وشە - محەمەد میران