بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێسته کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی هەیە و کار بۆ ئەوە دەکات کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات کە گرفتی مەکۆکان و ژوورەکان و گرفتی ئەندامانی جڤاتی گشیی و نیشتمانی، ئەندامێکی جڤاتیش دەڵێت، خۆمان ڕێکدەخەینەوە و بەرەو کۆنگرە دەچین.
لە ماوەی ڕابردوو کۆمەڵێک ئهندام لە جڤاتی گشتی بەتایبەتی وازیان هێناوە
لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک ئەندامی جڤاتی گشتی لە بزووتنەوەکە وازیان هێناوە و دەستیان لە کارکێشاوەتەوە، هەندیکیش پۆستی حکوومیان وەرگرتووە یان بوونەتە پەرلەمانتار، هاوکات جڤاتی نیشتمانیش کە بڕیاردەری بزووتنەوەکەیە چەند ئەندامێکیان بەهۆی پۆست و وازهێنان کەمی هێنابوو.
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کەپێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی ڕابردوو کۆمەڵێک هاوڕێمان لە جڤاتی گشتی بەتایبەتی وازیان هێناوە، یان بە هەر جۆرێک لە پۆست و حکوومیەکان پۆستیان وەرگرتووە، شوێنەکەیان بە بەتاڵی ماوەتەوە و گرفتی لە ناو جڤات دروستکردبوو.
زیاتر گوتی، کۆمەڵێک گرفتی ناوخۆیی هەیە لە ژوورەکان و مەکۆکان، نەقسی دروستکردووە و پێویستە پڕبکرێنەوە، هاوکات لە ڕابردوو هەندێك ئاڵوگۆڕکراوە لە نێوان ژوورەکان سەرجەم پێویستیان بە ڕێکخستنەوە هەیە، پێش چونە ناو کۆنفرانس واتە کۆنگرە دەبێت ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن.
لەلایەکی تریشەوە بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی ڕابردوودا تووشی کێشەی ناوخۆیی بووەتەوە، لەلایەن پەرلەمانتارەکانیان لە بەغدا ڕەخنەی زۆر لە بەرپرسە دەسەڵاتدارەکانی ناو بزووتنەوەکە دەگیرێت بەهۆی هەڵوێستەکانیان کە پێچەوانەی دروشمەکانی ڕابردوویانە و ناکۆی لە نێوان هەردوولا دروست بووە.
لای خۆیەوە نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە چوارچێوەی کەموکورییەکانی ناو هەردوو جڤاتەکان و مەکۆکان بە تایبەتی کە لە ئێسته رێکخستنەوەیان پێویستە.
زیاتر گوتی، سەرەتا هەوڵی پڕکردنەوە و چارەسەری کەموکورتی جڤاتی گشتی دراوە و کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت و دەست بە بەرنامە و کاری خۆیان دەکەن، چونکە لە جڤاتی نیشتمانی بە دەنگدان ئەو کەموکوریانە پڕکرانەوە، لە بارەی ژوورەکانیشەوە گرفتی ئەوانیش چارەسەرکراوە.
باسی لەوەکرد، گرفتی ئێسته ڕێکخستنەوەی مەکۆکانە، دەمانەوێت گرفتی ئۆرگان و مەکۆکانیش کۆتایی پێبهێنین، بۆ ئەوەی بە تەواوی ئامادەبین بۆ کۆنفڕانس.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی