شنۆ.. لەلایەن سووپای پاسدارانەوە سێ شوان ده‌درێنه‌ بەر دەستڕێژی گولە

:: PM:07:54:18/09/2020 ‌
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاشكراى كردووه‌، "هێزە چەکدارەکانی سووپای پاسداران لە سنوورەکانی شاری شنۆ سێ شوان کە سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بوونه‌، داویانه‌ته‌ بەر دەستڕێژی گولە و لە ئاکامدا شوانێکیان گیانی لە دەست داوە."

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى ئه‌یلوول، بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، "هێزەکانی سووپای پاسداران لە سنوورەکانی شاری شنۆ سێ شوانی خەڵکی گوندی لولکانى سە ربە ناوچەی دەشتە بێڵیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولە و لە ئاکامدا شوانێکیان بە ناوی (حەسەن خەندپوور) کوژراوە."

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سووپای پاسداران دوو شوانی تریش برینداربوونه‌ کە هەتا ئێسته‌ ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە".

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی حەسەنى شوان لەلای هێزەکانی سووپای پاسدارانە و  هەتاکاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ڕادەستی ماڵباته‌كه‌ی نەکراوەتەوە.


وشە - محەمەد میران