گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دوای ھەناردەکردنی ھەنار بۆ دەرەوەی وڵات، بەرھەمی تری خۆماڵی رەوانەی دەرەوە دەکرێت.
حوسێن حەمە کەریم گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ "وشە" گوتی، لە چەند رۆژی ڕابردوو کۆمپانیایەک 22 تەن ھەناری ھەرێمی کوردستانی لەرێگەی تورکیاوە رەوانەی بەریتانیا کرد کە وەکو تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ئەوەی بزانین ئەنجامەکەی چی دەبێت، ئەمەش ھەنگاوێکی باش بوو و پێشوازییەکی باشی لێ کرا.
ڕای گەیاند، ئێستە ئامادەکاری دەکرێت و قسە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کراوە بۆ ئەوەی بەرھەمی تری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵ ھەناردەی دەرەوە بکرێت.
ڕوونی کردەوە، کۆمەڵێک بەرھەمی کشتوکاڵی ھەیە لە بەشی ناوخۆ زیاترە و پێویستی بەوە ھەیە رەوانەی دەرەوە بکرێت، بۆیە کاری بۆ دەکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی باش.
هەولێر/ بڵند ئیبراھیم