گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، دوو تۆمەتباری تری هێرشكردنە سەر دەرمانخانەكە گیراون و ئەو كەسانە داوای تری یاساییان لەسەر بووە.
ئەمڕۆ سێشەم 17ـی تشرینی دووەم، هۆگر عەزیز گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی راگەیاند، لەسەر هێرشكردنە سەر دەرمانخانەكەی هەولێر كە سێ كەس تۆمەتبار بوون، شەوی ڕابردوو دوو كەسی تریش گیران.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، لە ئۆپراسیۆنێكی پۆلیسی دەشتی هەولێر لەگەڵ پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان و چەند بنكەیەكی پۆلیس، شەوی رابردوو دوو تۆمەتبارەكەی تر گیران.
ئەو دوو تۆمەتبارە چەند داوایەكی تریشیان لەسەر بوو بەپێی چەند مادەیەكی یاسایی داواكراو بوون
باسی لەوەش كرد، ئەو دوو تۆمەتبارە چەند داوایەكی تریشیان لەسەر بوو بەپێی چەند مادەیەكی یاسایی داواكراو بوون.
ڕوونی كردەوە، تۆمەتباران تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵە، هەردووكیان چەكی كلاشینكۆڤ و دەمانچەیان پێ بووە و بەنیازی رووبەڕووبوونەوە بوون لەگەڵ پۆلیس، بەڵام پۆلیس توانی چەكیان بكات و قۆڵبەستیان بكات.
لە ماوەی ڕابردوو گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەوە، تێیدا چەند كەسێك دەردەكەون بە چەكەوە هێرش دەكەنەسەر دەرمانخانەیەكی هەولێر.