چاودێرانی سیاسی پێیان وایە هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای تێپەڕاندنی یاسای قەرز بێ هەرێمی كوردستان، وای كرد نەتەوە یەكگرتووەكان بێتە سەر خەت و حكوومەتی عێراقیش ئامادەیی پێشان دا كە پابەند دەبن بەناردنی مووچە و رێككەوتن لەگەڵ هەرێم، بۆیە تا كۆتایی ئەمساڵ مووچە رەوانە دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەم 17ـی تشرینی دووەم، ساڵح مەلا عومەر عیسا چاودێری سیاسی و مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین بۆ "وشە" گوتی، پەیامی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو كە ئاراستەی بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان كرا كە ناكرێ قووتی خەڵك تێكەڵی كێشە سیاسییەكان بكرێت، هەروەها پەیامێكی نەرم و زۆر گرنگ بوو كە ئەنجامی باشیشی هەبوو، چونكە ئەوەی حكوومەتی هەرێم كردی كاردانەوەیەكی ئەرێنی بوو.
ئەوەی حكوومەتی هەرێم كردی كاردانەوەیەكی ئەرێنی بوو
زیاتر گوتی، پەیامەكە وای كرد نەتەوە یەكگرتووەكان و حكوومەتی عێراقیش بێنە سەر خەت و وەڵامیان هەبێت كە ئامادەن و پابەندی رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەبن بۆ ناردنی 320 ملیار دینار، بۆیە هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وایكرد خەڵكی كوردستان دڵخۆش بكات.
مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری كورد بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی پەرلەمان كردی ناتوانێ كاریگەری لەسەر رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا هەبێت، چونكە حكوومەتی عێراق دوای هەڵوێستی حكوومەتی كوردستان و ئەوەی پەرلەمانی عێراق كردی، باسیان لەوە كرد كە پابەندن بەرێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی 320 ملیار دینار.
باسی لەوەش كرد، ئەوەی حكوومەتی عێراق دەیكات مافی خەڵكی كوردستانە و رەوانەی دەكات، چونكە بەشی ئەو نەوتەی هەرێم نایدات بە بەغدا دەیبڕن و داهاتی ناوخۆش پارەكەی دەبڕن، ئینجا 320 ملیار دەمێنێت، ئەوەش مافی خەڵكی كوردستانە رەوانەی بكەن، بۆیە عێراق پابەندی رێككەوتنەكە دەبێت تا ساڵی داهاتوو رێككەوتنی نوێ دەكرێت.
زیاتر گوتی، هەولێر و بەغدا رێككەوتنیان كردووە، ئەوەی پەرلەمان كاریگەری نابێت و بەغدا تا كۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت لە ناردنی پارە، دواتر ئینجا لەسەر گفتوگۆكان دەمێنێتەوە كە چۆن بۆ ساڵی داهاتوو دەگەنە رێككەوتن.
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم