فەرماندەیەكی پێشمەرگەی كوردی ئێزیدی لە شنگال ڕای دەگەیەنێت، لایەنگرانی پەكەكە هێرشیان كردووەتە سەر بازگەیەكی سوپای عێراق و سووتاندوویانە.
ئەمڕۆ سێشەم 17تی تشرینی دووەم، قاسم دربۆ فەرماندەی پێشمەرگەی كوردی ئێزیدی لە شنگال بۆ "وشە" گوتی، پێش چوار رۆژ سوپای عێراق لیستێكی ناویان هێنابوو كە كۆمەڵێك چەكداری پەكەكە داوا كرابوون، هەشتیان لێ گرتن و بردیانن بۆ مووسڵ بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكەن.
ئەو هەشت كەسە چونكە تاوانیان ئەنجام داوە بۆیە گیران
ئەو فەرماندەیەی ئێزیدییەكان گوتی، ئەو هەشت كەسە چونكە تاوانیان ئەنجام داوە بۆیە گیران.
باسی لەوەش كرد، پەكەكە بەناوی خۆپێشاندان بۆ ئازادكردنی ئەو كەسانە، هێرشیان كردووەتە سەر بازگەیەكی سوپای عێراق لە نێوان تەلەعفەر و شنگال، ئاگریان تێ بەرداوە و بەتەواوەتی سووتێنراوە، بەڵام دیار نییە كە سوپای عێراق چ كاردانەوەیەكی دەبێت.
چەكدارانی پەكەكە لە ڕابردوو بەردەوام بوونەتە كێشە بۆ دانیشتووانی شنگال و ڕێ نادەن ئەو كەسانەی ئاوارە بوونە بگەڕێنەوە.
بڵند ئیبراهیم