سەرچاوەی ئاوی گەرماوەكەی گوندی گوڵێ لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، وشكی كردووە و بەشێك لە دانیشتووانی ناوچەكەیش هۆكارەكەی بۆ زۆر بەكارهێنانی بۆ كاری كشتوكاڵی دەگەڕێننەوە.
عوسمان محەمەد، ریشسپی و دانیشتووی گوندی گۆڵێ بە"وشە"ی گوت، لەدوای گەرماوەكەی شارەدێی خورماڵی ناوچەی هەورامان، ئەم ئاوی گەرماوە هەیە كە بە "گەڕاوە" ناسراوە، لە وەرزی زستاندا ئاوەكەی گەرمە و لە هاوینیشدا ساردە، لە ساڵانی رابردوودا، هێشتا ئەو رێگایەی دەچووە سەر ئەم گەڕاوە خەڵكێكی زۆر روویان تێ دەكرد.
ئافرەتان بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی پێست رووی تێ دەكەن
زیاتر گوتی، ئافرەتان بۆ چارەسەركردنی زۆر لە نەخۆشییەكان، بەتایبەتی نەخۆشییەكانی پێست، ئەم ئاوەیان بەكار هێناوە و سوودێكی زۆری هەبووە، لە شارەكانی وەك سلێمانی و كەركووك و دەوروبەریشەوە، خەڵكی هەر دەهاتنە ئێرە.
ئەو ریشسپییە روونی كردەوە، بەداخەوە بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئەم ئاوە بۆ كاری كشتوكاڵی و دانانی ماتۆڕی كارەبایی و مۆلیدەوە، ئەم ئاوە بەرەو كەمی چوو تا لەم ماوەیەدا سەرەڕای بارانبارین، بەڵام سەرچاوەكەی وشكی كرد.
"لە دەوروبەری ئەم ئاوە زۆر زەوی كشتوكاڵی هەیە و لەلایەن بەشێك لەو جووتیار و خاوەن دۆنمەكانەوە، كە خەڵكی دەرەوەی گۆڵێ و پێنجوێنن، زۆر تكامان لێ كردن لە بەكارهێنانی ئاوەكە دوور بكەونەوە، بەڵام بێ سوود بوو، بۆیە ئەگەر لەدوای وەرزی بەفر و باران و زستانەوە، سەرچاوەكەی جارێكی تر ببووژێتەوە، بۆ ساڵی داهاتوو رێگە نادەین هیچ كەسێك ببێتە هۆی زیانگەیاندن پێی"، عوسمان محەمەد وای گوت.
مەسیف گۆڵێی، هاووڵاتییەكی تری ناوچەكەیە بۆ "وشە"، روونی كردەوە، كەم هاووڵاتی و گەشتیار هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی پێنجوێن و كوردستان سەردانی ئەم ئاوەیان نەكردبێت، ساڵی رابردوو بە بۆری گەورە ئاویان لێ راكێشاوە بەمەبەستی كشتوكاڵكردن، بۆیە پێویستە لایەنی پێوەندیدار رێگری لەم كارە بكات و نەهێڵێ كانیاوەكان بەمەبەستی كشتوكاڵكردن بەكار بێت، بەتایبەت كانیاوێكی لەو شێوەیە كە پێویستە بۆ پێنجوێن لە رووی گەشتیارییەوە.
ئاوی گەڕاوی گوندی گۆڵێ، دەكەوێتە سنووری شارەدێی گەرمك لە پێنجوێن و نزیكەی 25 كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە، ساڵانە لە وەرزی هاویندا، گەشتیارێكی زۆر بەمەبەستی مەلەكردن و دووركەوتنەوە لە گەرما روو دەكەنە گوندەكە.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی