هەڵەبجە.. ژمارەیەك پۆلیسی هاتوچۆی خورماڵ دەگیرێن

:: PM:09:53:17/11/2020 ‌

بە فەرمانی ئەنجوومەنێكی لێكۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، 10 كارمەندی پۆلیسی شارەدێی خورماڵ لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە راگیراون، ئەوەیش بەهۆی جێبەجێ نەكردنی فەرمانی سەرووی خۆیانەوە.
جێبەجێ نەكردنی فەرمان سزای یاسایی هەیە
عەمید حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی فەرمان دەرچووە، دوو پۆلیسی شارەدێ خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە بە كاتی دەوام بكەن، ئەوانیش فەرمانەكەیان جێبەجێ نەكردووە، هەشت پۆلیسی تریش وەك پشتیوانی بۆ ئەو دوو پۆلیسە دەوامەكانیان بەجێ هێشتووە، ئەنجوومەنێكی لێكۆڵینەوەیان لەسەر پێكهێنراوە، پاش لێكۆڵینەوە لەسەر سەرپێچیكردن لە فەرمان، هەر 10 پۆلیسەكە زیندانی كراون.

ئاماژەی كرد، فەرمانمان دەركردووە بۆ ئەوەی دوو كارمەند بە تەناوب لە پارێزگای هەڵەبجە دەوام بكەن، لەكاتێكدا ئەم دوو كارمەندە فەرمان جێبەجێ ناكەن، هەشت كارمەندی تریشمان سەرپێچی فەرمان دەكەن و دەوام ناكەن، ئەم فەرمانە بۆ ئەو ماوەیە كە پێویستمان بەو كارمەندانە هەیە بۆ بەردەوامی نییە، لە پارێزگای هەڵەبجە پێویستمان بە كارمەند هەیە و لە خورماڵ ژمارەیان زۆرە.


بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە روونی كردەوە، ئێستە ئەو پۆلیسانە راگیراون و ئەنجوومەنی لێكۆڵینەوە بەردەوامە لە كارەكانی، ئەم جۆرە جێبەجێ نەكردنی فەرمان سزای یاسایی هەیە و لێكۆڵینەوە بەردەوام دەبێ لەلایەن ئەنجوومەنەكە و ئەوان سزاكەیان دیاری دەكەن.

جێبەجێ نەكردنی فەرمان لە سەربازیدا سزای هەیە لە نێوان شەش مانگ بۆ ساڵێك و زیاتر و فەسڵیش، تەنانەت لە كاتی جەنگدا لەسێدارەدانی تێدایە،جارێ ئەنجوومەنەكە راگیری كردوون تا لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن، ئەگەر بەرز بكرێتەوە بۆ دادگای سەربازی ئەوە دادگا بڕیار دەدات، حەسەن عەبدوڵا وای گوت.

ئاماژەی بەوەیش كرد، لە لێكۆڵینەوەی یەكەم پۆلیسەكان گوتویانە لەبەر بێ پارەیی ناتوانن پابەند بن، بەڵام ئێمە تەنانەت گوتوومانە لە بازگەی نێوان خورماڵ و هەڵەبجە دەوام بكەن، بەڵام دیارە نیازی ئەوەیان هەبووە هەر نەیەن و تەحەدا بكەن.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل