زیندانیانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی بەهۆی بڕیارێکەوە مانیان لە خواردن ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی داواکاری گشتی بڕیاریداوە چیتر کەسوکاری زیندانیان بۆیان نییە نان بێنن بۆ زیندانییەکان.
ئەمڕۆ هەینی، سێی کانوونی دووەم، یەکێک لە کەسوکارانی زیندانی کراو کە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێکە بریاردراوە کە چیتر کەسوکاری زیندانیان بۆیان نییە خواردن و کەلوپەل لە کاتی سەردانمان بۆ زیندانییەکان ببەن.
زیاتر گوتى، ئەم بڕیارە هیچ لە بەرژەوەندی زیندانیەکان نییە، لە بەرانبەر ئەو بریارەشدا وەک هەڵوەستەیەک، زیندانییەکان ماوەی دوو ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، لە کاتێکیشدا ئەو خواردنەی دەدرێت بە زیندانییەکان کوالێتی باش نییە.
لای خۆیەوە، بەرزان حامد، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین و سەردانی شوێنەکە دەکەین بزانین ئەو زیندانیانە بە چ مەبەست و هۆکارێک مانیان لە خواردن گرتووە، لیژنەی ناوخۆ بەدوای ئەو بابەتە دەڕوات.
لەلایەکی ترەوە کەمی جێگا و شوێن یەکێکی ترە لەو کێشانەی کە زیندانیان لێی ناڕازین، چونکە شوێنەکەیان تەنها جێگهی کەمتر لە 300 کەسی تێدا دەبێتەوە بەڵام زیاتر لە 400 کەس خراونەتە ئەو شوێنە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی