فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ له‌ سلێمانى كوژرا

:: PM:12:01:03/01/2020 ‌
پۆلیسی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لە ناوچەیەکی نزیک لە سیتەک، بەهۆی دروستبونی شەڕ و کێشەی کۆمەڵایەتی و زەوی و زار پلە دارێکی پێشمەرگە گیانی لە دەست داوە.

ئەمڕۆ هەینی سێی کانوونی دووەم، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری پێوەندییەکان و ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ناوچەیەکی سیتەک، لە ماڵێک، کێشە و دەمەقاڵێ دروستبووە لە نێوان دوو خێزان و لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی و زەوی و زار بووە.

زیاتر گوتى، ئەو ماڵەی کێشەکەی تێدا دروستبووە، میوانیان هەبووە، لە کاتی دروستبونی کێشە و شەڕ، میوانەکە هەستاوەتەوە ناوبژی کردووە، بەڵام ئەویش لە کاتی شەڕەکە دیارە لێیدراوە یان پاڵی پێوەنراوە، کەوتووە و بوراوەتەوە، تا گەیەندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

ڕوونى كرده‌وه‌، فەرمانی گرتن بۆ ئەو کەسانە دەرچووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە بۆ دۆسیەکە، توێکاری بۆ مردووەکە دەکرێت، چاوەڕیی ئەنجامی پزیشکی و گوتەی دادوەر دەکەین، ئەو کەسەیش کە گیانی لە دەستداوە پلەدارێکی پێشمەرگە بووە بە پلەی خانەنشینی.

باسی لەوەیشکرد، تا ئێسته‌ ئەو کەسانە نه‌گیراون کە فەرمانی گرتنیان لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەرچووە و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران