نزیكه‌ی مانگێكه بڕه پاره‌یه‌كی زۆر له به‌شی ژمێریاریی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سۆران /96 كم رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر/ دیار نه‌ماوه و به‌رپرسانی هاتوچۆی سنووره‌كه له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه، هیچ شتێكیان بۆ راگه‌یاندنه‌كان ئاشكرا نه‌كردووه، ئه‌مه له كاتێكدا نزیكه‌ی 20 كه‌س له‌سه‌ر دزینی پاره‌كه گیراون.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست "وشه " كه‌وتوون، له پشووه‌كانی سه‌ری ساڵدا، له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سۆران، به ئامێری "كۆسه‌ره" قاسه‌ی ژمێریاریی شكێنراوه و هه‌رچی پاره‌ی تێدایه بووه دزراوه، به‌وهۆیه‌وه نزیكه‌ی 20 پۆلیس گیراون .
رائید دلاوه‌ر له‌تیف گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، "به فه‌رمانی سه‌رووی خۆمان ناتوانین له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هیچ شتێك باس بكه‌ین، هه‌ر كاتێك ره‌زامه‌ندی درا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا زانیاری بۆ هه‌موو لایه‌ك بخه‌ینه‌ڕوو ."به‌پێی زانیارییه‌كان، تا ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه ژماره‌یه‌كی زۆری پۆلیسیان گرتووه و دوای لێكۆڵینه‌وه و وه‌رگرتنی قسه‌كانیان، هه‌ندێكیان ئازاد كردوون و به‌شێكیش له ناو گرتووخانه ماونه‌ته‌وه .
به ئامێری "كۆسه‌ره" قاسه‌ی ژمێریاریی شكێنراوه و هه‌رچی پاره‌ی تێدایه بووه دزراوه
كرمانج عیزه‌ت قایمقامی سۆران، بۆ "وشه" ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه له‌سه‌ر ونبوونی پاره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سۆران، چه‌ند كه‌سێك گیراون و لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه به‌رده‌وامه، تا لێكۆڵینه‌وه‌كه ته‌واو نه‌كرێت، ناتوانرێ زانیاری ئاشكرا بكرێت .
هاوكات شه‌ماڵ دێواری گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سۆران، به"وشه"ی گوت، "دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی به‌شی نه‌هێشتنی تاوانی سۆران له ڕێكه‌وتی پێنجی كانوونی دووه‌می 2020، به بوونی رووداوێكی دزی له به‌شی ژمێریاریی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سۆران، تێیدا دوو قاسه شكێنران و بڕی هه‌شت ملیۆن و 134 هه‌زار دینار دزرابوو، كه‌سێك به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره گیراوه".
وه‌ك گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران خستیه ڕوو، دوای هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ر و ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی به‌شی نه‌هێشتنی تاوانی سۆران، به هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیس له ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه پێكهاتبوو، توانرا گومانلێكراوه‌كه بگیرێت.
ئه‌و ئاشكرای كرد كه توانرا كه‌سێك به‌ناوی "هـ. ح. ح " كه پۆلیسه له بنكه‌ی پۆلیسی فریاكه‌وتنی سۆران بدۆزنه‌وه كه "گومان هه‌بوو ده‌ستی له تاوانه‌كه‌دا" هه‌بێ، دوای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ری و لێكۆڵینه‌وه، دواجار ددانی "به تاوانه‌كه"دا نا.
گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران چۆنیه‌تی رووداوه‌كه ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت، "دوای ئه‌وه‌ی ته‌نگژه‌ی دارایی باڵی كێشا به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، بڕیار درا ئه‌و فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ی له خانووی كرێدان، بگوازرێنه‌وه بۆ باڵه‌خانه حكوومییه‌كان، بۆیه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سۆران و بنكه‌ی پۆلیسی فریاكه‌وتنی سۆران گوازرانه‌وه ناو باڵه‌خانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستی سۆران، تۆمه‌تباریش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ركی له هه‌مان شوێنه، ئه‌و هه‌له‌ی قۆستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره. به‌ڵام به فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی سۆران به پێی ماده‌ی 444ی یاسای سزادان گیراوه".
وشه/سۆران – موڕشید برادۆستی