یەكخستنی ژمێریاریی یەكەی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە جێبەجێ‌ دەكرێ‌

:: PM:05:07:30/01/2020 ‌
بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، چاوەڕوانی واژووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات، لە یاساكەدا چوار خاڵ پێوەندی بە یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە كوردستان هەیە كە دیارترینیان یەكەی ژمێریاریی یەكەی حەفتا و هەشتایە. جەبار یاوەر دەڵێ، چوار دانیشتن كراوە بۆ داڕشتنی میكانیزمی جێبەجێكردنی یاساكە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی كانوونی دووەم، جەبار یاوەر گوتەبێژ و ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، تا ئێستە چوار جار دانیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سەكردایەتیی یەكەی حەفا و یەكەی هەشتا كراوە، بە مەبەستی داڕشتنی میكانیزم و پلانی جێبەجێكردنی خاڵەكانی پێوەنیدار بە هێزەكانی پێشمەرگە لە یاسای چاكسازی.

یاوەر روونی كردەوە، چاوەڕوانی پەسندكردنی یاسایەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ جێبەجێكردنی، جگە لەمەش وەك وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ یەكەی حەفتا و هەشتا دانیشتووین بۆ داڕشتنی پلان و دەركردنی رێنمایی جێبەجێكردنی پلانەكە.

چوار دانیشتمان كردووە بۆ داڕشتنی پلان و دەركردنی رێنمایی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی


یەكەی حەفتا و یەكەی هەشتا، دوو هێزی پێشمەرگەن و سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانن، ماوەیەكی زۆرە بڕیاری یەكخستنەوەیان دراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ‌ نەكراوە.

بەگوێرەی یاسای چاكسازی، چوار خاڵ پێوەندارە بە یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، دیارترین خاڵی، هەڵوەشاندنەوەی یەكەی ژمێریاری هەردوو یەكەی حەفتا و هەشتا، رێكخستنەوەیەتی لە چوارچێوەی یەكەی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە.

جەبار یاوەر زیاتر گوتی "كۆبوونەوە كراوە، كۆبوونەوەكانیش بەردەوامن بۆ جێبەجێكردنی چوار خاڵی یاسایەكە كە پێوەندارە بە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو پرسەش هیچ پێوەندییەكی بە ئیرادەی سیاسی حزبەكانەوە نییە، بەڵكو ئێمە بە گوێرەی یاسایەكە لەگەڵ هەردوو یەكەی حەفتا و هەشتا مامەڵە دەكەین". 



وشە - فه‌رمان سادق