گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕای گەیاند، لە یەکەم هەینیی دوای کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان، بەشێکی زۆری مزگەوتەکان سەرپێچیی ڕێنماییەکانی تەندروستییان کرد.
بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە"، دوێنێ لە چەند مزگەوتێكی هەرێمی كوردستان سەرپێچی لە ڕێنوێنییەكاندا كراوە، بە تایبەت لە چەند مزگەوتێك كە وتاربێژەكانی ناوبانگیان هەیە و خەڵكی زۆر لە مزگەوتەكان كۆ بوونەتەوە.
لە بەشێك لە مزگەوتەكان سەرپێچی لە ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی كراوە
ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئایار، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە یەكەمین هەینی دوای كردنەوەی دەرگەی مزگەوتەكان، بەداخەوە لە بەشێك لە مزگەوتەكان سەرپێچی لە ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی كراوە.
باسی لەوەش كرد، دەبێت هاووڵاتییان خۆیان ئەو هۆشیارییەیان لا دروست بێت و پابەندی ڕێنوێنییەكانی تەندروستی بن.
دوێنێ وەزارەتی تەندروستی كۆمەڵێك ڕێنوێنی بۆ ئەو كەسانەی بەشداریی نوێژی هەینی و نوێژە بە كۆمەڵەكان دەكەن بڵاو كردەوە . لە خاڵی 19ـی ڕێنوێنییەكاندا هاتووە، سەرپێچیكار لە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان كە ببێتە هۆكار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ئەوا ڕێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.