ئاگەدارییەك بۆ ئەوانەی بەنیازی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێرین

:: PM:01:05:16/05/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەولێر، ئاگەدارییەك ئاراستەی ئەو كەسانە دەكات كە بەنیازی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێرین، پێویستە لەو وادەیەی بۆیان دیاری كراوە زووتر ئامادەبن.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئایار، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەولێر ڕوون كراوەتەوە،  ئەو شوفێران و هاووڵاتییانەی كە ناوی خۆیان بۆ سەردانیی بەشی مۆڵەتی هاتوچۆی هەولێر تۆمار كردووە ، بۆ تاقیکردنەوەی  رەمپە و ژمارە هەشت، كاتەكەیان بۆ پێش خراوە.

زووتر لە بەشی مۆڵەت ئامادەبن
هاتوچۆی هەولێر ڕوونی كردووەتەوە، ئەو كەسانەی تاقیکردنەوەیان لە سەعات یەك بۆ دووی پاش نیوەڕۆ دانرابوو، زووتر لە بەشی مۆڵەت ئامادەبن.

باس لەوەش كراوە، لە سەعات 11 بۆ 12 تاقیکردنەوە دەست پێ‌ دەكات، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە هاووڵاتییان لەو چەند رۆژەی مانگی رەمەزان، تووشی گەرمای پرووكێنەر نەبن لە كاتی تاقیکردنەوەکاندا.

بەمەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ ماوەی دوو مانگ سەرجەم دامەزراوەكانی حكوومەت داخران، ئەوەیش وایكرد بەشێك لە مامەڵەی هاووڵاتییان بوەستن و ئێستە لە ڕێی پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی، جارێكی تر كارەكانیان دەست پێ‌ بكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد