پارێزگاری سلێمانی ڕای گەیاند، لە هەر شوێنێك كۆبوونەوەی هاووڵاتییان هەبێت، ڕێ نادەین قەرەباڵغی دروست بێت، چوونی سەر قەبرانیش لە ڕۆژی جەژن ڕێپێدراو نییە.
ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئایار، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، چوونە سەرقەبران، كۆبوونەوە، بەریەككەوتن و تێكەڵاوبوون لە هەر شوێنێك بێت، ئێستە و لە جەژنیشدا قەدەغەیە.
هەر كەس و شوێنێك پابەند نەبێت، ناچارین لە رێی لیژنەكانی قایمقامییەتەوە دایان بخەین
پارێزگاری سلێمانی گوتی، ئومێد دەكەین ئەو شوێنانەشی كراونەتەوە پابەند بن بە مەرج و رێنوێنییەكانەوە، هەر كەس و شوێنێك پابەند نەبێت، ناچارین لە رێی لیژنەكانی قایمقامییەتەوە دایان بخەین.
باسی لەوەش كرد، لە رۆژانی جەژندا دەبێت تێكەڵاوبوون و ئەو كولتوورە جوانەی هەمانە رایان بگرین، هاتنی گەشتیاریش بۆ هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە، هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانیش تا دوای جەژن بەردەوام دەبێت.
ئەو قسانەی پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە ئێستە چەند حاڵەتێكی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمار كراوە.