حەوت حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار كران

:: PM:10:00:16/05/2020 ‌

تا ئێستە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا بەتەواوەتی كۆنترۆڵ نەكراوە و ژمارەی حاڵەتی تووشبوون گەیشتووەتە سەرووی چوار ملیۆن و 686 هەزار، ژمارەی حاڵەتی مردنیش بۆ سەرووی 310 هەزار، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێم تۆماركردنی حەوت حاڵەتی نوێی تووشبوونی راگەیاند.
دۆخەكە پێویستی بە خۆپارێزییە
بە پێی راگەندراوێكی وەزارەتی تەندروستی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو بڵاو كرایەوە، لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، حەوت تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشان كران.

وەك لە راگەندراوەكە هاتووە، تووشبووان بریتی بوون لە  چوار ئافرەت لە تەمەنەكانی 55 و 41 و 22 و 17 ساڵ و پیاوێكی تەمەن 45 و كوڕێكی گەنجی تەمەن 18 ساڵ و كوڕێكی منداڵ تەمەن 10 ساڵان، چوار تووشبوو دانیشتووی شاری سلێمانین و سێ توشبووەكەی تر دانیشتووی شارەدێی بازیانن.

شایەنی باسە هەر ئەمڕۆ شەموو لە عێراق 67 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا و چوار حاڵەتی مردن تۆمار كران.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل