حزب و هاووڵاتییانی هەرێم: چوارچێوەی كاری پەكەكە باكوری كوردستانە

:: PM:10:18:16/05/2020 ‌

چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لە گوندەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەردەوام لە زیادكردنی بارەگاكانیان و بێزاركردنی دانیشتوانی گوندنشینەكانن، حزبە سیاسییەكانی هەرێمیش رای دەگەیەنن، چوارچێوەی كاری پەكەكە باكوری كوردستانە نەك باشووری كوردستان.
ناكرێت حكوومەتی هەرێم سەرقاڵی كاری لابەلای ئەوان بێت
عەبدوڵا وەرتێ، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایار، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نكووڵی لەوە ناكرێ كە پەكەكە حزبێكی كوردستانییە، بەڵام چوارچێوەی كاری ئەوان و خەباتیان، لە باكوری كوردستانە نەك باشووری كوردستان.

زیاتر گوتی، پێویستە هەر كێشەیەكیان لەگەڵ حزبەكانی باشووری كوردستان هەیە، بە گفتوگۆ چارەسەری بكەن، هاوكات پەكەكە دەبێت كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكات.

لای خۆیەوە نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێویستە پارتی كرێكارانی كوردستان سەرئێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكات، لەبری ئەوەی حكوومەتی هەرێم سەرقاڵی كاری لابەلای ئەوان بێت، خزمەتی هاووڵاتییانی خۆی بكات.

زیاتر گوتی، شوێنی خەباتی پەكەكە توركیا و باكوری كوردستانە، نەك باشووری كوردستان، چونكە دۆزی پەكەكە خەبات بۆ ڕزگاری باكوری كوردستان دەكات، چۆن كاتی خۆی ئێمە خەباتمان بۆ ڕزگاری باشووری كوردستان كرد و ئێستە بەرهەمەكەی دەخۆین.

مەحموود، داوایشی لە پەكەكە كرد بچنە سنووری توركیا و چالاكی و گوشارەكانیان لەوێ زیاد بكەن، ئەوكات دەبێتە هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان كە گوشارەكان كەم دەبنەوە.

هاووڵاتی كەریم عەبدوڵا، دانیشتووی گوندی كانی مێو لە سنووری شارۆكەی شارباژێڕ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پەكەكە لە سنووری شارۆكەی شارباژێڕ تا پێنجوێن، لە زۆڕبەی گوندەكان نیمچە فەرمانڕوایەتییەك دەكەن.

روونی كردەوە، پەكەكە پارەی مێشهەنگ و بەرووبوومیش لە خەڵكی وەردەگرن، بەهۆی ئەوەی لەم سنوورە دەسەڵاتی ئێرەیش پشتیوانیان دەكات، بۆیە كەس ناتوانێ ناڕەزایی دەربڕێت لە دەستیان، بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە، پەكەكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارەگای زیاتر دەكەنەوە و سنووری دەسەڵاتیان فرەوانتر دەكەن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل