وەزارەتی تەندروستی هەرێم: 20 نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدا ماون

:: PM:11:26:16/05/2020 ‌

هەرێمی كوردستان یەكێك بوو لە وڵاتانەی كە توانی لە رێگەی وەرگرتنی چەندان رێوشوێنی خۆپارێزی و لەكاتی گونجاوی خۆیادا، رێگریەكی باش بكات لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوەیش لە سایەی خەمخۆری حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی بووە، وەزارەتەكە دوایین ئاماری حاڵەتەكانی تووشبوون و چاكبوونەوەی راگەیاند.  
379 نەخۆش چاكبوونەتەوە
وەك لە دوایین راگەندراوی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ، COVID-19  لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی كرد: 

تا ئەمڕۆ شەموو، 11014 هاووڵاتی، لەوانەی لە دەرەوەی هەرێم گەڕانەتەوە و ئەوانەی بەركەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەكان، كەرەنتین كراون، ئێستە تەنیا 1189 هاووڵاتی لە 32 شوێنی جیاوازی كەرەنتین ماونەتەوە، 523 لە هەولێر، 165 لە سلێمانی، 500 لە دهۆك، یەكێك لە ڕاپەرین. و 9825 هاووڵاتی لە كەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خێزانەكانیان دوای تەواوكردنی ماوەی 14 رۆژ و ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەیی بۆیان و دووپاتكردنەوەی ئەوەی هەڵگری ئەو نەخۆشییە نین،  لەگەڵ كەرەنتینكردنی ژمارەیەكی تری هاووڵاتییان لە 24 سەعاتی رابردوودا، كە كۆی گشتیان 106 هاووڵاتی بوو.

لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوو 838 پشكنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، 380 هەولێر، 248 سلێمانی، 203 دهۆك، حەوت سۆران، دەرەنجام حەوت تووشبووی نوێ لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرا و بەمشێوەیەی خوارەوە:

پارێزگای سلێمانی حەوت پۆزەتیڤ، چوار ئافرەت تەمەنیان 55، 41، 22، 17 ساڵ و پیاوێكی تەمەن 45 ساڵ و كوڕێكی گەنجی تەمەن 18 ساڵ و كوڕێكی منداڵ تەمەن 10 ساڵ، چوار تووشبوو دانیشتووی شاری سلێمانین و بەركەوتەی تووشبووانی پێشوون و سێ توشبووەكەی تر دانیشتووی شارەدێی بازیانن، كۆی گشتی ئەو پشكنینانەی كە ئەنجام دراون لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا 59401 پشكنین بووە.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان، 404 تووشبوو، لە نێویاندا پێنج مردن هەیە و 379 نەخۆش چاك بوونەتەوە، تەنیا 20 نەخۆش لە ژێر چاودێری پزیشكیدان.

لە كۆتاییدا وەزارەتەكە وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەكانی پزیشكی كە لە ئەركدان، جارێكی تر داوای لە هاووڵاتییان كرد پابەندبن بە ڕێنماییەكانی تەندروستی و دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و دانانی ماسك و دەستكێش، لە كاتی پێویستیشدا پێوەندی بكەن بە هێڵی گەرمی ژمارە 122.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل