له شارۆكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، پڕ ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر ده‌رمانی قاچاغ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا و ئه‌و كه‌سانه‌یشی كه ده‌رمانه‌كه‌یان هێناوه نه‌گیراون.
مه‌حموود كه‌لاری وه‌ك بازرگانێكی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، چه‌ند بازرگانێك له‌ناوچه‌كه پێشتر كارئاسانیان بۆ كراوه، زۆر جار باری جۆراوجۆریان به قاچاغ هێناوه‌ته گه‌رمیان.
روونیشی كرده‌وه كه به‌شێك له بازرگانه‌كان كه ئاماده‌ی هه‌ندێك كار نه‌بوونه وه‌ك پشكداركردنی به‌رپرسان ئاسته‌نگیان بۆ دروست كراوه.
لای خۆیه‌وه عوسمان عه‌بدولكه‌ریم به‌رپرسی راگه‌یاندن و پێوه‌ندییه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌وكه‌سانه‌ی ده‌رمانی قاچاغیان هێنابوو به نیازبوون له بازاڕه‌كانی گه‌رمیان ساغی بكه‌نه‌وه به‌سه‌ر هاووڵاتییان دا.
زیاتر گوتی، ئه‌و ده‌رمانه‌ی كه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوبوو له‌ناو بران كه پڕ ئۆتۆمبێلێكی بار هه‌ڵگر بوو.
سامان حه‌مید پزیشكی پسپۆر له باره‌ی هێنانی ده‌رمانی قاچاغه‌وه، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه به قاچاغ ده‌هێنرێن و هه‌وڵی ساغكردنه‌وه‌یان ده‌درێ، به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه زۆر مه‌ترسیداره بكه‌وێته بازاڕه‌كانه‌وه
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی "وشه" ده‌رمانه‌كان له نێوان ئێران و عێراق به قاچاغ هاورده ده‌كرێن.
گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی