لە هەرێمی كوردستان لەسەر شێوازێكی نوێژ بڕیار دەرچوو

:: AM:09:32:17/06/2020 ‌
لیژنەی باڵای فتوا لە هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە كاتی نوێژی بە كۆمەڵ ئاساییە نوێژكاران لە دووری یەك بوەستن و نوێژ بكەن، ئەوە هیچ لە خێری نوێژی بەكۆمەڵ كەم نابێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەنراوێكی لیژنەی فتوای هەرێمی كوردستان هاتووە، داوا لە مسوڵمانان دەكەین بە تایبەت ئەوانەی هاتوچۆی مزگەوتەكان دەكەن بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی و جەماعەت، لەم كات و ساتەدا كە شەپۆلێكی تری بەهێزی پەتای كۆرۆنا گەڕاوەتەوە، وەك واجبێكی شەرعی گرنگ بڕوانن بۆ پرسی پابەندبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەكان، وەك ئەركێكی ئاینی و مرۆیی و نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، چونكە پارێزگاریكردن لە نەفس، یەكێكە لە مەبەستە باڵاكانی شەریعەتی ئیسلام كە هەرێمی كوردستان پێی پابەندە.

دروستە كە نوێژخوێنان لە دووری یەك رابوەستن لەكاتی ئەنجامدانی نوێژی جەماعەت و نوێژی هەینی
باس لەوەش كراوە، لەیەكتر دووریی نوێژخوێنان لەرووی شەرعەوە دروستە كە نوێژخوێنان لە دووری یەك رابوەستن لەكاتی ئەنجامدانی نوێژی جەماعەت و نوێژی هەینی، ئەوە هیچ لە پاداشتی نوێژی بەكۆمەڵ كەم نابێتەوە، مەگەر تەنیا پاداشتی بەیەكەوە نووساندنی قاچ و شانیان لە ڕیزی بەكۆمەڵ لە دەست بچێت كە سوننەتێكی نوێژی جەماعەتە، بەڵام چونكە نوێژخوێنان ناچارن، پاداشتی ئەوەیشیان بە ئومێدی خودا هەر نافەوتێت بەپێی بەڵگە شەرعییەكان كە لە سەرچاوە فیقهییەكاندا هاتووە.

هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، تا دەتوانن لە ماڵەكانیان بمێننەوە، بۆ كاری پێویست نەبێت لە ماڵەكانیان نەچنە دەرەوە، هەر كەسێك نیشانەكانی كۆرۆنای لێ دەركەوت واجبێكی شەرعییە كە نەچێتە مزگەوت و جێیە قەرەباڵغەكانی تر و خۆی لە تێكەڵاوی بپارێزێت و خۆی كەرەنتین بكات.

لە كۆتاییدا باس لەوەش کراوە، ئەگەر كەسێك نەخۆشیی درێژخایەنی هەبێت و ترسێكی راستەقینەی هەبێت لەوەی كە تووشی پەتای كۆرۆنا ببێت، دەتوانێ نەچێتە مزگەوت بۆ بەجێگەیاندنی ئەرك و عیبادەتەكان.



وشە - رامیار جەواد