بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێكی تر تۆپخانەكانی سنووری ئێران، ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیان بۆردمان كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی حوزەیران، فەرزەنگ ئەحمەد بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن تۆپخانەكانی ئێرانەوە ناوچەكانی سنووری گوندی ئاڵانە و ناوچە سنوورییەكانی شارەدێی حاجی ئۆمەران و باڵەكایەتیی تۆپباران كران.
لەبەرئەوەی تۆپبارانەكە بەردەوامە، تا ئێستە زیانەكان نازانین
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران گوتی، لەبەرئەوەی تۆپبارانەكە بەردەوامە، تا ئێستە زیانەكان نازانین.
دوێنێش تۆپخانەكانی ئێران بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەرانیان كرد كە دەگوترێت بارەگای حزبە ڕۆژهەڵاتییەكانی كوردستان كراونەتە ئامانج.
حاجی ئۆمەران یەكێكە لە شارەدێیەكانی شارۆكەی چۆمان، ڕووبەرەكەی بریتییە لە 140 كم دووجا كە %10ی دەشتاییە، %60ی چیایە، %30ی گردە، ژمارەی گوندەكانی 19 گوندە و لە ساڵی 1976 بووەتە شارەدێ.