لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون دارەكانی رووباری سیروان دەسووتێنرێن

:: PM:02:40:17/06/2020 ‌

ژینگەپارێزانی دەڤەری گەرمیان، نیگەرانن لە هەڵمەتی چڕی سووتاندنی دارەكانی رووباری سیروان كە ماوەیەكە دەستی پێ كردووە، ئەمەش لە كاتێكدا دەكرێ كە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوونە و پێویستە رێز لەو رۆژە بگیرێت.

رێكخراوە ژینگەپارێزەكانی دەڤەری گەرمیان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن چەند رۆژێكە هەڵمەتی چڕی سووتاندنی دارەكانی تەنیشت رووباری سیروان بەردەوامە.

ئازاد محەمەد بەرپرسی رێكخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیان بۆ "وشە" گوتی، ماوەی چەند رۆژێكە بەتایبەت لەكاتی ئێواران و شەوان، دارەكانی تەنیشت رووباری سیروان دەسووتێنرێن. ئەو پێی وایە دەبوو كەناری رووباری سیروان بۆ كەرتی گەشتیاری سوودی لێ ببینرایە نەك بەو شێوەیە ژینگەكەی وێران بكرێ .

وەك زیاترخستیەڕوو، كاری لەو جۆرە دەبێتە هۆكارێك بۆ زیاتربوونی رێژی بەبیابانبوون، چونكە بەنەمانی دارەكان مەترسی دەكەوێتە سەر ئاوی رووبارەكەش .

لە لایەكی ترەوە دورەید سەلیم بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوان بۆ چارەسەری ئەو گرفتە ئیدارەی گەرمیانیان ئاگادار كردووەتەوە و رێچارەیەك بگرنەبەر.

هەروەها بە پێویستی زانی هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ دانانی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە تەنیشتی ئەو رووبارە.

پەلاماردانی ژینگە و سووتاندنی دار و درەختی تەنیشتی رووبارێك لە ناوچەیەكی كوردستان، لەكاتێكدایە ئەمڕۆ رۆژی جیهانی رووبەڕووبوونەوەی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوونە.

لە ساڵی 1994وە 17ی حوزەیرانی وەك ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون و وشكەساڵی دیاری كراوە
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1994وە 17ی حوزەیرانی وەك ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون و وشكەساڵی دیاری كردووە، هەر ساڵەی لەژێر ناونیشانێكدا یادەكە دەكرێتەوە و چەندان چالاكی لە وڵاتانی دنیا ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەمساڵیش كە 26ەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژەكەیە، ناونیشانەكەی بریتییە لە "خواردن. ئالیك. ڕیشاڵەكان، پێوەندی و بەكاربردن و زەوی."

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 



وشە - سلێمان تاشان