به‌هۆی بوونی رووبه‌ڕێكی فراوانی سنووری جیۆگرافی شارۆكه‌ی پێنجوێن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا هه‌وڵی قاچاخچییه‌كان بۆ هێنانی كه‌سانی ئێرانی و بیانی بۆ هه‌رێم به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌و هۆیه‌وه قاچاخچییه‌ك گیرا و قایمقامی شارۆكه‌كه ده‌ڵێ، رێ نایاساییه‌كان له‌لایه‌ن پاسه‌وانی سنوور و هێزه ته‌ناهییه‌كانه‌وه چاودێری ده‌كرێن.
له‌و باره‌یه‌وه زانا ره‌حمان قایمقامی شارۆكه‌ی پێنجوێن به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دروستبوونی مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانی هاونیشتمانیان، ده‌ستبه‌جێ هه‌وڵی داخستن و رێگرتنی ته‌واوی مه‌رز و سنووره لاوه‌كییه‌كان دراوه.
زیاتر گوتی، رێیه قاچاخ و نایاساییه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور و ته‌ناهییه‌كانه‌وه، ئه‌ركی چاودێریكردنیان له ئه‌ستۆدایه، ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی بتوانن كاره‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌كرێت رۆژانه‌ش خه‌ڵك به‌قاچاخ بهێنرێت، چونكه 150 كیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران و شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا هه‌یه، واته رووبه‌ره‌كه فراوانه، به‌ڵام تا بتوانن هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌وانه‌ی كاری قاچاخی هێنان و بردنی خه‌ڵكانی هه‌ردوو دیوی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن بگیرێن.
بەهۆی فراوانی ڕووبەری ناوچەی پێنجوێن قاچاخچییەتی لە ناوچەکە زۆرە
هاوكات به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی ئاسایشی شاره‌دێی گه‌رمك كه وێنه‌یه‌كی دراوه‌ته "وشه" ئاشكرا كراوه، هێزه‌كانی ئاسایشی سه‌ر به بنكه‌ی ئاسایشی گه‌رمك، كه‌سێكیان گرتووه كه كاری به‌قاچاخهێنانی مرۆڤی بیانیی له سنووری گونده‌كانی كانی خان- عێزه‌ت ئاوا- بێماوا- مێشه‌ڕۆ کردووە.
له ڕاگه‌یانراوه‌كه‌دا هاتووه، ئه‌و كه‌سه به‌ناوی (م . م) تۆمه‌تباره به هێنانی كه‌سانی بیانیی ئێرانی، به‌نگلادیشی، نیپاڵی و فلیپینی به قاچاخ بۆ ناو خاكی كوردستان و ئه‌و كه‌سه له یه‌كێك له‌و گوندانه گیراوه.
شارۆكه‌ی پێنجوێن ده‌كه‌وێته باكوری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای سلێمانی، زیاتر له 150 كیلۆمه‌تری سنووری له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران هه‌یه و به‌و هۆیه‌شه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر مه‌رز و رێی لاوه‌كی و قاچاخی تێدایه.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی