هەرێمی كوردستان بۆ خۆپاراستن لە دیاردەی بەبیابانبوون پێویستی بەهەنگاوی رژد هەیە

:: PM:05:00:17/06/2020 ‌

راستە هەرێمی كوردستان بەراورد بە زۆر شوێنی تری ناوچە و دنیا بەرێژەیەكی كەمتر هەڕەشەی بە بیابانبوونی لەسەرە، بەڵام ئەگەر سیاسەتێكی تۆكمەی گلدانەوەی ئاو و چاندنی دار پێڕەو نەكرێ، ئەوا هەرێمی كوردستانی بێبەش نابێ لە دیاردەكە و بەرپرسێكی ژینگەش هۆشداری دەدات و بە پێویستی دەزانێت هەنگاوی رژد لەمبارەیەوە بنرێت.

دیاردەی بە بیابانبوون دوای ئەوەی لە دنیادا زیاتر زەق بووەوە كە پلەكانی گەرمی هەسارەی زەوی هەڵكشا و هۆكارەكەش بۆ زۆربوونی گازە مەترسیدارەكانی لە توێژاڵی ئۆزۆن دەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوونە و هەندرێن شێخ راغب گوتەبێژی دەستەی ژینگەش بۆ"وشە" بە پێویستی دەزانێ كوردستان لە هەموو روویەكەوە پارێزگاری لە ژینگەكەی بكرێت.

ئەو دەڵێ جگە لەو كاریگەرییانەی لە كۆی كەشوهەوای زەوی بۆ سەر كوردستان هاتووەتە كایەوە، ئەوا هەنگاوەكانی مرۆڤیش كە بەشێكیان سیاسین كاریگەریی خراپ دەبینن لە پەرەپێدانی دیاردەی بە بیابانبوون و نموونەی ئەوەش باس دەكات حكوومەتی توركیا بە گرتنی رێڕەوەی سەرچاوی  ئاوی دیجلە و فورات، بووەتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی عێراق، سووریا و ئوردن و كوردستانیش لەم كاریگەرییانە بێبەش نییە.

چەندان جار رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەو هەنگاوەی توركیا هاویشتوویەتی هۆشداری داوە و باس لەوە كراوە لەوانەیە لە دەیەكانی داهاتوودا كۆچی ملیۆنی لە باشووری عێراقەوە بۆ كوردستان دەست پێ بكات.
ئێران بە دروستكردنی تۆنێل رێڕەوی ئاوی ئەو رووبارانەی گۆڕیوە كە دەڕژێنە هەرێمی كوردستانەوە.

لەلایەكی ترەوە ئێرانیش بەو سیاسەتانەی گرتوویەتەبەر، سەرەڕۆیانە جووڵاوەتەوە و گوێی بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان نەداوە و تەنانەت بە دروستكردنی تۆنێل رێڕەوی ئاوی ئەو رووبارانەی گۆڕیوە كە دەڕژێنە هەرێمی كوردستانەوە.

گوتەبێژی دەستەی ژینگە بە پێویستی دەزانێت هەرێمی كوردستان سوود لە رووبارەكانی وەربگرێت و بەتایبەتی ئەو رووبارانەی كە وەرزین، لە كاتی خۆیدا ئاوەكانیان گل بداتەوە و رێ نەدات بە بێ سوود وەرگرتن ماڵاوایی لە كوردستان بكەن.

جگەلەمە ئەو بە پێویستی دەزانێت داری زیاتر بچێنرێت و رێگری لە بڕینەوەی دار و سووتاندنی لەوەڕگەكان بكرێ بۆ ئەوەی دواجار ژینگەی كوردستان لە بیابانبوون پارێزراو بێت.





وشە - سلێمان تاشان