هەڵەبجە رێوشوێنەكانی رێگریكردن لە قاچاخ توندتر دەكات

:: PM:05:46:17/06/2020 ‌

پارێزگای هەڵەبجە دوو دەروازەی بازرگانی و چەند دەروازەیەكی بە قاچاغی لە گەڵ ئێران هەیە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەروازەكانی قاچاغ داخراون، قایمقامی هەڵەبجە دووپاتی دەكاتەوە كە رێكارەكان بەتوندی وەرگیراون.
دەروازەكانی قاچاغ لەگەڵ ئێران داخراون
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی حوزەیران، نوخشە ناسیح، قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، بە "وشە"ی راگەیاند، تەواوی ئەو دەروازانەی باری قاچاغی لە ئێرانەوە لێوە دەهات، داخراون و رێگری لە هێنانی باری قاچاغ لەو سنوورانەوە دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئەو كاڵایانەی نووسراوی گومرگی هەبێت، دەتوانرێت ببرێتە ئێران، لە هەردوو مەرزی بازرگانی شۆشمێ– تەوێڵە و پشتە، لەگەڵ بازاڕجە لە تەوێڵە هەمانە، ئەویش ڕێنماییە تەندروستییەكانی تێدا جێبەجێ دەكرێت و بەكۆڵ ئەو كاڵایانە دەگوازرێتەوە.

قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی كرد، دەروازەكانی تر داخراون و رێگەی قاچاغی نایاساییە و رێگەی پێ نادەین، هاوكات دەروازەی لا‌وەكیمان هەیە كە ئەو كاڵایانەیان تێدا دەڕوات بۆ ئێران كە لەلایەن گومرگی كوردستانەوە گومرگ دەكرێن و ڕێگەپێدراون.

 هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ‌



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل