ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی رێكخستنەوەی خەرجییەكان دەكات

:: PM:06:20:17/06/2020 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەن، لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی كرد، لەوانە رێكخستنەوەی خەرجییەكان و گفتوگۆی هەولێر و بەغدا و مووچەی فەرمانبەران و وەرگرتنەوەی قەرزی ئاو كارەبای هاووڵاتییان.
هەفتەی داهاتوو شاندی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات
لەو كۆبوونەوەیە كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی رێكخستنەوەی خەرجییەكان و خۆگونجاندن لەگەڵ  ئەو توانا و بودجەیە كرا كە لەبەردەستی وەزارەتی دارایی وئابووریدایە، بە مەرجی پاراستنی مافی شایستەی مووچەخۆرانی ئاسایی.

 ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی لە بەردەوامبوونی كەمكردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەكان و ئەوانەیشی بەو پلانە خانەنشین بوون كردەوە كە لە كۆبوونەوەكانی پێشوو بڕیاریان لەسەر درا، كۆبوونەوەكانیش تا یەكشەمی داهاتوو بەردەوام دەبن.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا، ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی كارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی 15% درێژ بكرێتەوە تا 2020/9/1، هەروەها گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی  تاوتوێ كرا و بڕیار درا، هەفتەی داهاتوو شاندی حكوومەت بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان سەردانی بەغدا بكات، بە ئاراستەی برەودان بەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆ دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم، ئەوەیش لە بەرانبەر پابەندییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل