یەكێتی پارەی ئۆتۆمبێلە نوێیەكانی سەركردایەتی بەمشێوەیە پڕ دەكاتەوە

:: PM:08:29:17/06/2020 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لە مەرزی سەیرانبەن لە هەر شۆفێرێك بڕی 100 دۆلار وەردەگیرێت، كە ئەمەیش سەرانەیە و ڕەنگە یەكێتی بیەوێت بەم ڕێگەیەیە پارەی 122 ئۆتۆمبێلەكەی ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكەی، پڕ بكاتەوە.
هەر بارهەڵگرێك 100 دۆلاری لێ وەردەگیرێت
كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان، ئەمڕۆ چوارشەم 17ی حوزەیران، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە مەرزی سەیرانبەن، بەناوی دڵنیایی و كۆمەڵێ شتی بێ بنەماوە، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بڕی 100 دۆلاری ئەمەریكی وەردەگیرێت.

زیاتر گوتی، پێوەندیم بە قایمقامی پێنجوێن و وەزیری داراییەوە كردووە و لەسەر ئەو بابەتە قسەم لەگەڵ كردوون و هاتوونەتە سەر خەت، بەڵام ئەم حاڵەتە لە مەرزەكانی تریش لە زیادبوونە و حزبی دەسەڵات كە یەكێتییە لە پشتیەتی.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تەنزەوە گوتی، یەكێتی 122 ئۆتۆمبێلی بۆ ئەندامانی نوێی سەركردایەتی حزبەكەی كڕیوە، ڕەنگە بەو جۆرە كارە بیەوێ پارەكەیان دەربێنێتەوە.

لە بارەی ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی كە تەنیا رەخنە لە حكوومەت دەگرن و بێ بەڵگە قسە دەكەن، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سلێمانی روونی كردەوە، هەندێ پەرلەمانتار هەست بە بەرپرسیاریەتی ناكەن و بوونەتە پاڵەوانی فەیسبووك لە پشتی مێزەوە قسە دەكەن، لەكاتێكدا ئێمە بۆ بابەتێك دەیان بەدواداچوون دەكەین، چوارجار وەزیری داراییمان هێناوەتە سەرخەت، داواكاری گشتیمان ئاگادار كردووەتەوە، لەسەر هەموو ئەم پرسانە تا نەگەینە ئەنجام وازناهێنین.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل