كەمكردنەوەی وەرگرتنی بەشەگەنمی جووتیاران لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، جووتیارانی گەرمیانی ناچار كردووە بیر لە هەرزانفرۆشی بەرهەمەكامیان بكەنەوە، بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ناوچەكە، جووتیاران زیاتر لە 163 هەزار تۆن گەنمیان بەرهەم هێناوە، كەچی 35 هەزار تۆنیان لێ وەردەگیرێت.
پشكی شێری وەرگرتنی گەنم بەر باشووری عێراق كەوتووە
ژمارەیەكی بەرچاو لە جووتیارانی گەرمیان، لە رێگەی "وشە"وە، مەترسی خۆیان پێشان دا لە وەرنەگرتنی گەنمەكانیان، بۆیە وەك خۆیان دەڵێن ناچاربوونە گەنمەكانیان هەرزانفرش بكەن، باوكی رەنج، یەكێكە لە جووتیارانی ناوچەكە، گوتی، ئەمساڵ بە پاسەوانیكردنی بەرهەمەكانیان لە سووتان و پاش ماندبوونێكی زۆر، دەغڵودانیان بەرهەم هێناوە، بەڵام كە لێمان وەرنەگیرێت ناچار دەبین، بەرهەمەكانمان بە نرخێكی هەرزان بفرۆشین.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە"، رێژەی وەرگرتنی گەنم لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە، جیاوازی هەیە لەگەڵ كوردستان.
عەلی حوسێن، لە یەكێتی جووتیارانی دیالە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، حكوومەتی ناوەند وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كەم كردووەتەوە، بەڵام رێژەی ناوچەكانی عێراق جیاوازە و پشكی شێری وەرگرتن بەر باشوور كەوتووە .
شادی حوسێن، بەرێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم بۆ ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، دەگاتە 163 هەزار و 263 تۆن، بەڵام لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە ئاگەدار كراوینەتەوە كە بڕی 35 هەزار تۆن گەنممان لێ وەردەگیرێت.
روونی كردەوە، بۆئەوەی جووتیاران زیانیان پێ نەگات، هەوڵ دەدەین لە رێگەی پەرلەمانتار و نوێنەرانی كوردەوە، رێژەیەكی زیاتری گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی