خانمه گۆرانیبێژی ناسراوی شاری سلێمانی "كیژان ئیبراهیم خه‌یات" له نوێترین ده‌ركه‌وتنیدا ستایلی خۆی گۆڕیووه و سه‌رنجی هه‌وادارانی به‌لای خۆیدا ڕاكێشاوه، بۆیه‌كه‌م جار ئاشكرای كردووه كه زۆری نه‌ماوه ئه‌لبوومه نوێیه‌كه‌ی بڵاو بكاته‌وه.
به پێی زانیارییه‌كانی "وشه" گۆرانیبێژ كیژان سه‌رقاڵی ئه‌لبوومێكه و به‌م نزیكانه بڵاوی ده‌كاته‌وه و ئه‌فشین شوكری كاری دابه‌شكردنی میوزیكی بۆ سه‌رجه‌م گۆرانییه‌كانی ناو ئه‌لبوومه نوێیه‌كه‌ی كردووه.
هاوكات نزار ناشاد تێكستی بۆ چه‌ند گۆرانییه‌كی نوێی نووسیوه و ئه‌لبوومه نوێیه‌كه‌ى به ناوی "ته‌نیام"ه، كه له 11 تراك پێكهاتووه كه جگه له به‌رهه‌مێكی فۆلكلۆری به ناوی "ئه‌ی موتریبی حه‌ریفان" گۆرانییه‌كی كرمانجی نوێ كردووه‌ته‌وه كه 14 ساڵ پێش ئێسته له‌لایه‌ن گۆرانیبێژێكی باكوری كوردستانه‌وه "توران شه‌نگول" گوتراوه.
ئێسته كیژان سه‌رقاڵی كاری كلیپ كردنه بۆ گۆرانی "كوردستان"، ئه‌گه‌ریش هه‌یه چه‌ند گۆرانییه‌كی تریش كلیپ بكات، به‌ڵام هێشتا دیاریكراو نییه و له داهاتوویشدا پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌لبوومه‌كه، به‌نیازه كۆنسێرتێك سازبكات له كوردستان.
كیژان ئیبراهیم خه‌یات كچی هونه‌رمه‌ندی ناوداری كۆچكردوو ئیبراهیم خه‌یاته و هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای هونه‌ر بووه.
كیژان له شاری سلێمانی سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندنی ته‌واو كردووه. له ساڵی 2007- 2008 به‌شی موزیكی له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی ته‌واو كردووه، یه‌كه‌م به‌رهه‌می له ساڵی 2003 بووه كه گۆرانییه‌ك بوو بۆ تایتڵی زنجیره درامای "جومعه" له ده‌رهێنانی (حوسین میسری).