نرخی تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكا رووی لە دابەزین كردووە و دیسان نزمترین نرخی تۆمار كرد كە پێشتر لە مێژووی بەهای ئەم دراوە تۆمار نەكراوە.
هەر دۆلارێك لە بازاڕەكانی تاران لە سەرووی 22 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ كرا
ئەمڕۆ یەكشەم هەر دۆلارێكی ئەمەریكا لە بازاڕەكانی تاران لە سەرووی 22 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ كرا. داشكانی زیاتری تمەن لەكاتێكدایە دوێنێ شەمووش بۆ یەكەم جار لە مێژوودا سەرووی 21 هەزار تمەنی بەرانبەر دۆلار تۆمار كردبوو.
ساڵی 2018 سێ مانگ دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی تمەن، زۆر بەخێرایی دابەزی و هەر دۆلارێكی ئەمەریكی گەیشتە 19 هەزار تمەن، بەڵام دواتر ئێران بە گرتنەبەری هەندێك رێوشوێنی بانكیی توانی تا ئاستێك دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە و پایزی رابردوو نرخی هەر دۆلارێك تا خوارووی 11 هەزار تمەنیش دابەزی.
لەو كاتەوە دیسان تمەن رووی لە دابەزین كردووەتەوە و بەگوێرەی
رادیۆ فەردا ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد و لە سەرووی 22 هەزار تمەن دەفرۆشرێت كە نرخێكی زۆر نزمە، ئەگەر دۆخی ئابووری ئێران هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەكرێ نرخی دراوی ئێرانی زیاتر دابەزێت.
كەمتر لە دەیەیەك لەمەوبەر هەر هەزار تمەنی ئێرانی زیاتر لە هەزار دیناری دەكرد، بەڵام ئێستە 100 هەزار تمەنی ئێرانی لە سەرووی پێنج هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەكرێ و لێرەدا دەردەكەوێت تمەنی ئێرانی تووشی چ دۆخێكی نالەبار بووە.