دوای په‌رله‌مان، چاودێری دارایی راپۆرتى خۆی له‌سه‌ر بوونی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی پاره له بودجه‌ى ژێرخانی پایته‌ختى رۆشنبیری ته‌واو كردووه و ئه‌م هه‌فته‌یه ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن. سه‌رۆكى لیژنه‌ى رۆشنبیریی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه واز ناهێنن و دۆسیه‌كه ده‌به‌نه ئه‌نجوومه‌ن. به‌ڵام ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی رای ده‌گه‌یه‌نێت "چاوه‌ڕوانی په‌رله‌مانین راپۆرتمان بۆ بنێرێ بۆ لێكۆڵینه‌وه".
ساڵی 2013 حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی 20 ملیار دیناری بۆ پڕۆژه‌كانی ژێرخانی رۆشنبیری سلێمانی وه‌ك پایته‌ختى رۆشنبیری ته‌رخان كرد، دوای سێ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌دا وه‌ك سه‌رۆكى لیژنه‌ى رۆشنبیری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێ، ده‌ستیان به پرسینه‌وه له چۆنیه‌تیى خه‌رجكردنی بودجه‌كه كرد.
ئه‌و پرسه له میدیا جارجار قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرا تا له نیوه‌ی دووه‌می 2019 لایه‌نه پێوه‌نداره‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان، دیوانی چاودێری دارایی، حكوومه‌ت و ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی هێنایه سه‌رخه‌ت. هه‌ریه‌كه له په‌رله‌مان، حكوومه‌ت، چاودێری دارایی لیژنه‌ی جیاوازیان پێكهێنا، ئه‌وه جگه له به‌دواداچوونی به‌رده‌وامی لیژنه‌ى رۆشنبیریی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی.
به‌پێی به‌دواداچوونێكی "وشه"، لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان و دیوانی چاودێری دارایی راپۆرتیان ئاماده كردووه و ته‌واو بووه.
ئاڤان جه‌مال سه‌رۆكى لیژنه‌ى رۆشنبیری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به"وشه"ی راگه‌یاند كه سه‌رجه‌م نووسراو و به‌دواداچوونه‌كانی لیژنه‌كه‌یان ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێری دارایی سلێمانی كردووه، تا ئێسته ئه‌وان سه‌رقاڵی وردبینین، بۆیه تا ئه‌وان راپۆرت له‌سه‌ر نووسراوه‌كان نه‌كه‌ن، هیچ كارێكی تری له‌سه‌ر ناكه‌ن.
ئاڤان كه پێشتریش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه قسه‌ى بۆ "وشه" كردووه، دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ده‌یانه‌وێ زانیاری‌یان هه‌بێت له‌سه‌ر كۆی خه‌رجیی هه‌ر 20 ملیار دیناره‌كه نه‌ك به‌شێكی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رۆشنبیریی سلێمانی به "پچڕ پچڕی" بۆ ناردوون.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێریی دارایی سلێمانی چوار مانگ زیاتره وردبینی له‌و دۆسیه‌یه ده‌كه‌ن
زیاتر گوتی "چه‌ند جارێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رۆشنبیریی سلێمانی دۆسیه‌ى ناردووه بۆ ئه‌نجوومه‌ن، به‌ڵام به پچڕپچڕی بووه و زۆر جاریش دۆسیه‌كان هه‌ر دووباره بوون، وای لێ هاتووه به نووسراو و به ته‌له‌فۆن و له‌كاتی بینین، پێیان ده‌ڵێین تكایه دۆسیه‌كان به ته‌واوه‌تى بنێرن، به‌ڵام هه‌ر نه‌یاننارد، بۆیه ئاراسته‌ى چاودێری دارایی سلێمانیمان كرد".
"به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێریی دارایی سلێمانی چوار مانگ زیاتره وردبینی له‌و دۆسیه‌یه ده‌كه‌ن، به به‌رده‌وام له پێوه‌ندیدام له‌گه‌ڵیان و پێیان راگه‌یاندووم هه‌ركات كاره‌كانیان ته‌واو بێت، راپۆرتی چاودێری دارایی بۆ ده‌نێرن" ئاڤان جه‌مال وای گوت.
ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو "ئه‌گه‌ر چاودێری دارایی سلێمانی راپۆرتمان بۆ ره‌وانه نه‌كات، دۆسیه‌كه ده‌خه‌ینه كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و بانگهێشتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیریی سلێمانی ده‌كه‌ین".
پێ ده‌چێ لیژنه‌كه‌ی به‌دواداچوونی بودجه‌ى پایته‌ختى رۆشنبیری، ببێته یه‌كه‌م لیژنه كه ئه‌نجامی هه‌بێت و كۆتا به‌و قسه به‌ناوبانگه بهێنێت كه "پێكهێنانی لیژنه بۆ دیزه به‌ده‌رخۆكردنی پرسه‌كانه".
پێشه‌وا هه‌ورامی په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ى رۆشنبیری ئاشكرای ده‌كات كه گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان له پڕۆژه‌كانی پایته‌ختى رۆشنبیری هه‌بووه، به"وشه"ی گوت، وه‌ك لیژنه "ده‌مێكه" راپۆرتیان به سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان داوه، به‌ڵام ره‌نگه به‌هۆی سه‌رقاڵی په‌رله‌مان به یاسای چاكسازی، ئه‌و پرسه دوا خرابێت.
هه‌ورامی باسی له چه‌ند نموونه‌یه‌كی ناو راپۆرتى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان كرد تا بیسه‌لمێنێت گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان هه‌بووه، له‌وانه پاره بۆ شتێك خه‌رج كراوه كه هیچ پێوه‌ندی به ژێرخانی رۆشنبیری نه‌بووه، پڕۆژه هه‌بووه پاره‌ی بۆ خه‌رج كراوه هێشتا رووناكی نه‌بینیوه، بڕه پاره‌ى زۆر گه‌وره بۆ شتی بچووك خه‌رج كراوه.
زیاتر گوتی "شتى زۆر له‌ناو راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ى رۆشنبیری هه‌یه كه ئێسته لای سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانه، قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵییه‌كه دیار نییه، به‌ڵام گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان هه‌بووه و ده‌بێ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی بێنه سه‌رخه‌ت، دواتر رێكاری یاسایی بۆ بگیرێته‌به‌ر".
لای خۆیه‌وه ئه‌حمه‌د ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ى چاودێری دارایی سلێمانی، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد كه رۆژی یه‌كشه‌می رابردوو 26ـی ئه‌م مانگه، راپۆرتی وردبینییان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی بودجه‌ى پایته‌ختى رۆشنبیری سلێمانی ته‌واو بووه و ره‌وانه‌ى دیوانی چاودێری دارایی له هه‌ولێر كراوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری دارایی سلێمانی روونی كرده‌وه، "به‌پێی رێكاری كاری چاودێری، دیوانی چاودێری دارایی راپۆرته‌كه په‌سند ده‌كات و پاشان بۆ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی ده‌نێرێت".
ئه‌حمه‌د ئه‌مین ره‌تى كرده‌وه باس له ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه بكات و ئه‌وه‌ی به "نهێنی" كاری چاودێری دارایی ناو برد. ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو هه‌ركات له دیوانی چاودێری دارایی راپۆرته‌كه په‌سند كرا، ئه‌وا له فه‌رمانگه‌ى چاودێری سلێمانی كۆپییه‌ك له راپۆرته‌كه بۆ لیژنه‌ى رۆشنبیری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ره‌وانه ده‌كه‌ن.
حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی ره‌تى ده‌كاته‌وه وه‌ك ده‌سته لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه پێك هێنابێت، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد كه دوای دوو مانگ له وردبینی لیژنه‌ى دیوانی چاودێری دارایی ماوه‌ی دوو هه‌فته ده‌بێت راپۆرتیان له‌سه‌ر وردبینی له دۆسیه‌كانی خه‌رجكردنی 20 ملیار دیناره‌كه‌ی بودجه‌ى پایته‌ختى رۆشنبیریی سلێمانی ته‌واو كردووه.
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی باسی له‌وه كرد كه ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی له رووی یاساییه‌وه به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه له بوونی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی بودجه‌كه ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌ش "چاوه‌ڕوانین دیوانی چاودێری دارایی راپۆرته‌كه‌یان بۆ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی ره‌وان بكه‌ن تا ده‌ستبه‌كار بین". زیاتر گوتی "ره‌نگه له‌م هه‌فته‌یه یان سه‌ره‌تای هه‌فته‌ى داهاتوو راپۆرته‌كه بگاته ده‌سته‌ى ده‌ستپاكی".
به‌قسه‌ى په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ى رۆشنبیری په‌رله‌مانی كوردستان، دوو مانگ زیاتره راپۆرته‌كه‌یان به سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان داوه.