ئەمەریكا تا دێت سزای زیاتر دەخاتە سەر بەرپرسانی ئێران. وەزارەتی دارایی ئەمەریكا عەلی ئەكبەر ساڵحی سەرۆكی رێكراوی وزەی ناوكی ئێرانی خستە لیستی سزاكان، بەمەش بەربەستێكی گەورە دێتە بەردەم كۆمپانیا رووسی و چینی و ئەوروپییەكان لە مامەڵەكردن لەگەڵ دامەزراوە ناوكییەكانی ئێران.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە ئاژانسی "
رۆیتەرز"ـی راگەیاند، وەزارەتی دارایی ئەمەریكا، عەلی ئەكبەر ساڵحی سەرۆكی رێكخراوی وزەی ناوكی ئێرانی خستووەتە لیستی بەرپرسە سزادراوەكانی ئێران.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەدا كە نەك تەنیا سەرۆكی رێكخراوەكە، بەڵكو دامەزراوەكەیشی خستووەتە لیستی سزدراوان، بەڵام رێگە بە كۆمپانیا رووسی و چینی و ئەوروپییەكان دراوە لە كارەكانیان لە دامەزراوە ناوكییەكانی ئێران بەردەوام بن، بەو هەنگاوەش رێگرێكی سەخت دێتە بەردەم ئێران لە پێشخستنی مووشەكی ناوكی.
ئەمەریكا دامەزراوەی ناوكی ئێران دەخاتە لیستی سزادراوان و لێخۆشبوونیش بۆ كۆمپانیاكانی كاركەر لەگەڵیدا درێژ دەكاتەوە
سەرچاوەكە بە مەرجی ئاشكرا نەكردنی ناوەكەی قسەی بۆ رۆیتەرز كردووە، باس لەوەش دەكات كە بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بۆیان نییە مامەڵە لەگەڵ رێكخراوی وزەی ناوكی ئێرانی بكەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە مانگی ئایاری 2018 بڕیاری كشانەوەی لە رێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێران راگەیاند، دواتر بە چەند قۆناغێك گەمارۆیەكی ئابووری توندی بەسەر ئێران سەپاند.
دیپلۆماتكارێكی رۆژئاوایی دەڵێ، ناكۆكی هەیە لەنێوان بۆچوونی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ ئەوەدایە سزای توندتر لەسەر ئێران بسەپێنرێت بەڵام وەزارەتی دارایی پێی وایە رێگەدان گرنگە بە هەندێك كۆمپانیای نێودەوڵەتی بدرێت كار لەگەڵ دامەزراوەی ناوكی ئێرانی بكەن، تا گەرەنتی بڵاو نەبوونەوەی چەكی ناوكی بە واشنتن بدەن.
وەزارەتی دارایی ئەمەریكی لە ناكۆكی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە براوە بوو، ئەمەش ئەگەری زۆرە رێگەدان و لێخۆشبوون بۆ كۆمپانیا بیانییەكان لە كاركردنیان لەگەڵ دامەزراوە ناوكییەكانی ئێران، نوێ بكرێتەوە.