نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بۆ سێیەم هەفتەی لە دوای یەك هەڵكشا و بەرزترین نرخی لە ماوەی یەك مانگی رابردوو تۆمار كرد.
شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە هەفتەبازاڕی بۆرسە بە رەنگی سەوز داخرا و قەرەبووی ئەم دابەزینە كرایەوە كە لە سەرەتای هەفتەكە تۆمار كرابوو.
هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 32 دۆلار و 88 سەنت داخرا
بەگویرەی
dailyfx هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 32 دۆلار و 88 سەنت داخرا و دواجار نرخی ئەم جۆرە نەوتە لە 13ی ئایار تا ئەم ئاستە هەڵكشابوو. هاوكات نەوتی جۆری ئەمەریكی ناسراو بە wti بە 29 دۆلار و 79 سەنت داخرا. دواجار ئەم جۆرە نەوتەش لە 16ی ئادار بەم نرخە فرۆشرابوو.
پێویستە بگوترێ نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە هەڵكشان كردووە كە مانگی رابردوو نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار كردبوو، تەنانەت نەوتی جۆری ئەمەریكا بۆ سفر دابەزیبوو و فرۆشیاران پارەیەكیشیان دەدا بە كڕیار تا نەوتەكە لە كۆگاكاندا بگوازێتەوە.
ئەگەر زۆربوونی بەرهەمهێنان لە رابردوودا و كەمبوونەوەی داخوازی بە هۆی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بووبێت، ئەوا ئێستە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان لە لایەك و دووبارە لابردنی رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا و كرانەوەی بازاڕەكان، بە هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەستیان بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە كردووە كە مانگی رابردوو واژوویان كرد و بڕیاریان دا بە رێژەیەكی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە.