سەرەتای مانگی رابردوو خاوەن پڕۆژەكانی پەلەوەر تووشی زیانێكی زۆر بوون دوای ئەوەی مریشكێكی زۆر لەسەر دەستیان مایەوە و لە بازاڕیش داخوازی لەسەر بەرهەمەكە كەم بووەوە . ئەمە وایكرد نرخی مریشك زۆر دابەزیت و قازانج سەری مایە بخوات. بەڵام ئێستە كە داخوازی بەرز بووەتەوە دۆخەكە پێچەوانە بووەتەوە.
لەگەڵ لابردنی رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا و دەستپێكردنی دەوام و كردنەوەی دوكان و بازاڕەكان، هەناسە بە پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی پەلەوەر دراوە و نرخی مریشكیش بە نرخێكی گونجاو دەفرۆشرێت.
ئەوانەی پێشتر جووچكەیان دانابوو و لەمدواییەدا دەستیان بە خستنەڕووی بەرهەمەكانیان كردووە قازانجیان كردووە.
حەیدەر فەرحان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر بۆ "وشە" روونی كردەوە، زۆربەی خاوەن پڕۆژەكانی پەلەوەر كە مریشكەكانیان لە سەرەدمی كۆرۆنا و كەرەنتین پێڕاگەیشتن، زیانیان بینی و نەیانتوانی بەرهەمەكانیان بە نرخێكی گونجاو ساغ بكەنەوە، بەڵام ئەوانەی پێشتر جووچكەیان دانابوو و لەمدواییەدا دەستیان بە خستنەڕووی بەرهەمەكانیان كردووە قازانجیان كردووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پڕۆژەكانی پەلەوەر، مریشك كیلۆی بە دوو هەزار و 500 دینار لە لای ئەوان دەفرۆشرێت و ئەم نرخەش نرخێكی گونجاوە، هیوای خواست نرخەكە لەمە زیاتر كەم نەبێتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی پەلەوەر بتوانن درێژە بە كارەكانیان بدەن.
ئەو پێی وایە بازاڕی مریشكیش پشت بە داخوازی و خستنەڕوو دەبەستێت و ئەگەر خستنەڕووی بەرهەم زۆر بێ، ئەوا دەبێ بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە ئەگەرنا نرخەكەی زۆر كەم دەكات و زیان بە بەرهەمهێنەر دەگەیەنێت.
وەك حەیدەرفەرحان خستیەڕوو، هەموو هەوڵەكانی ئەوان بە هاوكاری وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و بازرگانی بۆ ئەوەیە بتوانن لە پارێزگاكانی كوردستان پڕۆژەی گەورەی بەبازاڕكردنی مریشك دابمەزرێن و كاتێك بەرهەمەكە زۆر بوو، بتوانن پاشەكەوتی بكەن و لە كاتێكدا مریشك كەمە بیخەنە بازاڕ و هاوسەنگی بۆ بازاڕەكە بگەڕێننەوە نەك بەرهەمی دەرەكی ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە.
لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی مریشك و هێلكە لە سەرووی پێداویستییە
بە بۆچوونی ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر، لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی مریشك و هێلكە لە سەرووی پێداویستییە و هەرێمی كورستان بە هیچ شێوەیەك پێویستی بە بەرهەمی دەرەكی نییە و پێویستە حكوومەت پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی بكات.