بەهۆی نەبوونی ڕێی گواستنەوە لە نێوان شارەكان، بەشێك لە بەرهەمە ناوخۆییەكان بەجۆرێك هەرزان بوون، جووتیاران پارەی گواستنەوەكەشیان دەست ناكەوێت.
ئەمڕۆ شەموو 16تی ئایار، ئەرەش حیكمەت جووتیار لە سنووری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نرخی بەرهەمە ناوخۆییەكان بەجۆرێك دابەزیون، تەنانەت باج بۆ بەرهەمە بیانییەكانیش كاریگەری نەكردووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمی ناوخۆ.
ئەو جووتیارە گوتی، ئەمڕۆ بەرهەمی كوولەكەم بردووەتە عەلوەی هەولێر، 10 كیلۆ بە هەزار دینار فرۆشراوە، ڕەنگە بەیانی ئەو نرخەش نەكات، بۆیە پێویستە ڕێ بە ئاڵوگۆڕی بەرهەم لە نێوان شارەكان بدرێت.
چەند جارێك داوامان كردووە ڕێ بدرێت بە ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ناوخۆ
ڕەسووڵ عەزیز ئەندامی ئەنجوومەنی جووتیارانی بەرهەمهێنەر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە چەند جارێك داوامان كردووە ڕێ بدرێت بە ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ناوخۆ، تا ئێستە وەڵاممان وەرنەگرتووە.
ئەو جووتیارە گوتی، ئێستە بەهۆی پێگەیشتنی هەندێك بەرهەم و زۆری لە هەندێك شوێن و كەمی لە هەندێك شوێنی تر، وایكردووە نرخەكەی بەجۆرێك دابەزێ كە بڕوا ناكرێت، بۆ نموونە ئەمڕۆ جووتیار 20 دەسكە سەوزەی بە هەزار دینار فرۆشتووە.
باسی لەوەش كرد، پێویستە ڕێچارەی گونجاو دابنرێت تا بەرهەمی ناوخۆ زیان نەكات.
ساڵانە بەهۆی هاوردەكردنی بەروبوومی دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان كێشەی بۆ بەرهەمی ناوخۆی و جووتیاران دروست دەبێت، بۆیە داوا دەكەن كە وەزارەتی كشتوكاڵ ستراتیجی خۆی لە هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی بگۆڕێت و زیان بە جووتیارانی كورد نەكەوێ.