كه‌ناڵی ئای تی ڤی به‌ریتانی درامایه‌ك له‌سه‌ر ژیان و چیرۆكی كچێكی كوردی ته‌مه‌ن 20 ساڵ كه له بنه‌ڕه‌ت خه‌ڵكی سلێمانی بووه، به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كه پێشتر له‌سه‌ر شه‌ره‌ف له له‌نده‌نی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته كوژراوه و ته‌رمه‌كه‌ی له باخچه‌یه‌كی شاره‌كه فڕێدراوه و چه‌ندان ئه‌كته‌ری ناوداری به‌ریتانیایش ڕۆل له دراماكه ده‌گێڕن.
پێگه‌ی "
ده‌یلی مه‌یل"ی به‌ریتانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه دراماكه باس له چیرۆكی كوشتنی به‌ناز محه‌مه‌د كچه كوردی ته‌مه‌ن 20 ساڵ ده‌كات له له‌نده‌ن كه له‌لایه‌ن كه‌سوكارییه‌وه به‌هۆی پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ كوڕێكی تر كوشتوویانه و ته‌رمه‌كه‌یان له باخچه‌ی بێرمینگهام فڕێداوه، كه ئه‌م جۆره كوشتنانه‌یش به بیانووی ئابڕووچوون و شه‌ره‌فه‌وه ڕوو ده‌ده‌ن.
ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی دراماكه بریتییه له ژیانی سه‌رۆك و سه‌رپه‌رشتیاری لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كه كه ژنه ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی له‌نده‌ن بووه به ناوی كارۆلین گوده كه توانی زۆربه‌ی تاوانباره‌كان بدۆزێته‌وه و ڕاده‌ستی دادگه‌یان بكات، ڕۆڵی ئه‌و لێكۆڵه‌ره‌یش له فیلمه‌كه كه ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و به‌هێزه له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ری ناوداری به‌ریتانی كیلی هاوز نواندنی بۆ ده‌كرێ، كیلی یه‌كێكه له ئه‌كته‌ره سه‌ركه‌وتووه‌كان و ته‌مه‌نی 44 ساڵه و بۆ میدیاكان دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه خۆشحاڵه به به‌شداری له‌و درامایه و زۆریش له ڕۆڵی خۆی ڕازییه و هه‌موو هه‌وڵی خۆیداوه و كاره‌كانی به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام داوه.
دراماكه ناوی شه‌ره‌فه و باس له كوشتنی ئه‌و كچه كورده ده‌كات له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه
كیلی هاوز ده‌ڵێ، زۆر به وردی سه‌ره‌تا تاوتوێ ڕۆڵه‌كه‌مم كرد، چونكه بینینی ڕۆڵی ئه‌فسه‌رێكی لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی پۆلیس بۆ ئاشكراكردنی سه‌ره‌داو و تاوانبارانی یه‌كێك له قێزه‌ونترین تاوانه‌كان به ناوی شه‌ره‌ف له به‌ریتانیا كارێكی ئاسان نه‌بوو.
به‌ناز محه‌مه‌د كچێكی كورده و له ته‌مه‌نی 10 ساڵی له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌ی گه‌یشتوونه‌ته به‌ریتانیا و له 2006 له‌لایه‌ن كه‌سوكارییه‌وه له‌سه‌ر تاوانی شه‌ره‌ف كوژرا و ته‌رمه‌كه‌ی له باخچه‌ی بێرمینگهامی له‌نده‌ن فڕێدرا.
دراماكه به ناوی "شه‌ره‌فه Honor " كیلی هاوز كه ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێ، له‌كاتی قسه‌كردنی بۆ میدیاكان دووپاتی كرده‌وه، كه سه‌رجه‌م كاره‌كانی دراماكه ته‌واو بووه و بڕیاره له پایزی ئه‌مساڵ له كه‌ناڵی ئای تی ڤی په‌خش بكرێت.
هاوز دووپاتی له‌وه‌یش كرده‌وه، ڕۆڵه‌كه‌ی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره بوو و پێویستی به زۆرترین وریایی هه‌بووه، هاوكات په‌یامیشی بۆ بینه‌ران تێدایه كه چی بكه‌ن و چۆن له‌كاتی بوونی ئه‌و كێشانه خۆیان ڕزگار بكه‌ن، بۆیه كاره‌كه‌ی ئه‌و هه‌م ئاشكراكردن و گه‌ڕان بووه به دوای تاوانباران، هه‌میش به‌خشینی ئامۆژگاری و ڕێنماییه بۆ خه‌ڵكی تا له كاتی حاڵه‌تی له‌مجۆره وریا و ئاگه‌دار بن.
به‌ناز له 2006 له له‌نده‌ن كوژرا و ته‌رمه‌كه‌ی له باخچه‌ی بێرمینگهام فڕێ درا
كیلی بۆ ڕۆژنامه‌ی "زه سه‌ن" ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ڕوو، كه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ڕازیبوونی به به‌شداری له‌و درامایه و بینینی ئه‌و ڕۆڵه، به‌هۆی ڕقی زۆریه‌تی له‌و چه‌مكه كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه هاتووه و ژنان له‌سه‌ر شتێك به‌ناوی شه‌ره‌ف ده‌كوژن، ئه‌مه زۆر بێزاركه‌ره و تاوانێكی زۆر گه‌وره‌یه و پێویسته به ته‌واوی بنه‌بڕ بكرێ و ژنان چیتر ڕووبه‌ڕووی ئه‌م جۆره تاوانانه نه‌بنه‌وه.
بوكیت كومور ئه‌ستێره و ئه‌كته‌ری به‌ریتانیش ڕۆڵی به‌ناز محه‌مه‌دی له دراماكه گێڕاوه و كه قوربانی ده‌ستی ماڵباته‌كه‌یه‌تی و له‌لایه‌ن محه‌مه‌د عه‌لی و عومه‌ر حوسێن و مه‌حموود كوژراوه و كۆتایی به ژیانی هێنراوه، هاوكات مۆی بار ئی ڕۆڵی هاوڕێ كوڕه‌كه‌ی به‌ناز به ناوی ره‌حمه‌ت سلێمانی گێڕاوه، كه ماوه‌یه‌كی زۆر له ترسی كوشتن خۆی حه‌شارداوه و ئێسته‌یش هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی به به‌رده‌وامی له‌سه‌ره.
جیا له‌مانه چه‌ندان ئه‌كته‌ری تری ناوداری وه‌كو "واج عه‌لی، ئه‌هد، راینا به‌ریتۆ، میكایل جیبسۆن، رۆبی هاینیس له دراماكه ڕۆڵیان گێڕاوه.
به‌ناز پێشتر له‌لایه‌ن ماڵباته‌كه‌ی به زۆر دراوه به پیاوێكی تر و ناچار كراوه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بكات، به‌ڵام دواجار ئه‌م لێی جیا بووه‌ته‌وه و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ره‌حمه‌ت سلێمانی به‌ستووه، هاوسه‌ره‌كه‌ی پێشوویی و كوڕه هاوڕێكه‌ی هه‌ردووكیان كوردن، ماڵباته‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێسته خێڵه‌كییانه بیر ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م بڕیاره‌ی كچه‌كه‌یان قبووڵ نه‌كردووه، بۆیه پلانیان داڕشتووه و كۆتاییان به ژیانی به‌ناز هێناوه.
پێشتر به‌ناز هه‌ستی به‌وه كردووه كه به‌دواوه‌ین و ده‌یانه‌وێ بیكوژن، بۆیه پێنج جار سكاڵای لای پۆلیس تۆمار كردووه، به‌ڵام پۆلیس كه‌مته‌رخه‌م بوون و نه‌یانتوانیوه بیپارێزن، كه ئه‌مه‌یش دواتر ناڕه‌زایه‌تی زۆری دژ به پۆلیس لێ كه‌وته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی تاوانباره‌كان پلانه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو بوو و توانیان به‌ناز بكوژن.
كێشه‌كه لێره‌وه كۆتایی نه‌هات، دوای 10 ساڵ له كوشتنی به‌ناز، دواجاریش ره‌حمه‌ت سلێمانی به خنكاوی له ماڵه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه، تا ئێسته‌یش ڕوون نییه، كه خۆی كوشتووه، یان له‌لایه‌ن كه‌سوكاری كچه‌كه‌وه كۆتایی به ژیانی هێنراوه، ئه‌م تاوانه ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری له به‌ریتانیا دروست كرد و ئێسته‌یش چیرۆكه‌كه‌ی له‌لایه‌ن جوینیس هیوز نووسراوه‌ته‌وه و ویلسن ریچار لاكستن وه‌ك ده‌رهێنه‌ری كاری كردووه و كیلی هاوز خۆیشی یه‌كێكه له به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان.